29/12/2025
بانگەوازێک بۆ هاووڵاتییانی مەریوان:
با پێکەوە دارەکانی شارەکەمان بپارێزین
هاووڵاتییانی بەڕێز و خەمخۆری مەریوان
بەهۆی بەفربارینی چڕی ئەم دواییە، بارێکی قورس لە بەفر، لەسەر لق و پۆپی دارەکانی شار نیشتووە. ئەمەش مەترسیی شکانی لقەکان و زیان گەیشتن بە سەرمایە سروشتییەکەمانی دروست کردووە. ئەگەر بەپەلە فریای نەکەوین، سیمای سەوزی شارەکەمان ڕووبەڕووی زیانێکی بەرچاو دەبێتەوە.
لەم سۆنگەیەوە، کومیتەی قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی "چیا"دەستیکردووە بە ڕێکخستنی تیمە خۆبەخشەکانی بۆ "تەکاندنی بەفری سەر دارەکان" لە سەرانسەری شاردا، تا ڕێگری لەم زیانە ژینگەییە بگیرێت.
دارەکان بەشێکی زیندووی شوناس و جوانیی مەریوانن و لەم کاتەدا پێویستییان بە هەوڵی یەک بە یەکمان هەیە. داوا لە گەنجان، ژینگەپارێزان و تەواوی هاووڵاتییانی دڵسۆز دەکەین، کە ئاگاداری دارەکانی دەوروبەری ماڵ، کۆڵان و شوێنە گشتییەکان بن. تکایە بە تەکاندنی بەفری سەر لقەکان، یارمەتیدەر بن لە پاراستنیان.
دڵنیاین کە هاوکاری و بەشداریی ئێوە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی سەوزایی شارەکەمان و کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەم شەپۆلی بەفربارینە.
لەگەڵ ڕێز و پێزانینێکی زۆردا
ئەنجومەنی سەوزی چیا – مەریوان
٨ی بەفرانباری ١٤٠٤