کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک::scaok

  • Home
  • Iraq
  • Kalar
  • کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک::scaok
Directions Website

کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک::scaok كۆمه‌ڵه‌ی کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک

03/09/2026
شاکەلی، ئەستێرەیەک کەئاوا نابێت عارف قوربانی لە ژمارەی ١٣٥ ی گۆڤاری بانەڕۆژداچەند کەشکۆڵت پڕبێت لە وشە، چەند مێشکت سیخنا...
30/08/2026

شاکەلی، ئەستێرەیەک کەئاوا نابێت

عارف قوربانی لە ژمارەی ١٣٥ ی گۆڤاری بانەڕۆژدا

چەند کەشکۆڵت پڕبێت لە وشە، چەند مێشکت سیخناخ بێت لە دەستەواژە و چەند زمانت پاراو بێت لە دەربڕین، لە ئاستى هەڵسەنگاندنى کەسانێکدا کە بۆ تۆ نمونەى باڵا بوون، دەستەپاچە دەبیت و نازانیت چى بنوسیت، لە کوێوە دەستپێبکەیت، کام لە خاڵە جوان و بەهێزەکانى ئەو کەسە بکەیتە سەرەتاى دەربڕینەکانت. بیرو باوەڕى، بیرکردنەوەکانى، دونیابینی، تێڕوانینى بۆ کۆمەڵگا، ئاین، سیاسەت و بەها نەتەوەیى و نیشتمانیەکان. هەر بە راستى نازانیت باسى کامیان بکەیت.

شێخ محەمەد شاکەلى بۆ من ئەو نمونە باڵایە بوو، کە ئێستا تیاماووم نازانم چۆن ماف بەخۆم بدەم بڵێم دەتوانم لایەنێکى بچوکى هەڵسەنگێنم. ئەو وەک تێکۆشەر و سیاسییەکى ناو دونیاى پڕ لە گێژاوى بزوتنەوەى سیاسى کوردى، نمونەى بەرزی ئەخلاقى سیاسى بوو. کەم لە هاوڕێکانى توانیان وەک ئەو، لەو زەلکاوى سیاسەتە شێواوەى وڵاتەکەمدا، بە سەربەرزیى و بە سیمایەکى پاکەوە بگاتە وێستگەى کۆتایى و دەستبەردارى پۆست و ئیمتیاز و دەسەڵات بێت.

بۆیە ئەگەر تەنها لە لایەنى سیاسییەوە پێگەى شێخ محەمەد شاکەلى بۆ مێژوو بنوسرێتەوە، دەبێت بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانى ناو مێژووى میللەتەکەمان وێنا بکرێت. بەڵام ئەو تەنها سەرقاڵى سیاسەت نەبوو، نوسەر و وەرگێڕێکى بە سەلیقەى ناو دونیاى روناکبیرى ئێمە بوو. لە بوارى نوسین و وەرگێڕانیشدا لە ریزى پێشەوەى تاودەرانى ئەسپى ئەو کاروانە بوو. لە رووى کۆمەڵایەتیشەوە پێگەى خۆى و بنەماڵەکەى لە ناوچەکانى گەرمیان و تەواوى کوردستان، لە ریزى ئەو کەسایەتى و بنەماڵە چاکەخوازانەن کە دەبێت مێژوو بە شانازییەوە ناویان تۆمار بکات کە چاکەى گشتیان لە پێش چاکەى خۆیانەوە ویستووە.

‌‌‌‌‌‌ئەگەر هیچ کام لەو خەسڵەت و تایبەتمەندیانەشى نەبوایا کە ئاماژەم بۆ کردوون، تەنها بوارە ئاینیەکەى لەبەرچاو بگرین کە لە باو و باپیرانیانەوە لە ریزى عارفە گەورەکانى عیرفانى و رێبازى سۆفیگەرىدابوون، دەبێت بەدێڕى گەورە لە مێژوودا بنوسرێتەوە. شێخ محەمەد شاکەلى و بنەماڵەکەى کە نەوەى بنەماڵەى روناکبیر و شاعیرى نیشتمان پەروەر شێخ ئەحمەد شاکەلییە. یەکێکن لەو بنەماڵە ئاینییانەى لە رێگاى رێبازى سۆفیگەریەوە ئاین نیشتمانیان وابەستەى یەکدیى کرد، شوێنکەوتوانیان فێرى ئەوە کرد خۆشەویستى ئاین لە خۆشویستنى نەتەوەو نیشتمانەوەیە. بەتایبەتى لەناو جوگرافیایەکى فرە کەلتوریى خێڵگەرایدا کە هاو سنورى ئێران و عەرەبەکانى عیراق بوو، (تەکێ) ى شاکەلى و دواتریش ماڵەکەى شێخ محەمەد، لەلایەک ناوەندى کۆکەرەوەى جیاوازییە کەلتوریەکان و لەلایەکى دیکەشەوە ناوەندى بڵاوکردنەوەى عیرفان بوو.‌‌

‌‌‌‌‌لە سەردەمى ئێستاشدا کە ناکۆکى قوڵى ئاینى لە کوردستان بەهۆى پەیدابوونى رەوت و ئاراستەى سیاسى ئیسلامییەوە سەریهەڵداوە، شێخ محەمەد لە هەلومەرجێکى دژوارى نەک هەر ناکۆکى، بەڵکوو دواى ساڵانێک لە شەڕى چەکدارى نێوان هێزە ئیسلامیەکان و هێزە نەتەوەییەکان، وروژاندنى هەستیارى ئێزیدى و پێکهاتە ئاینییەکانى دیکە، ئەرکى بەڕێوەبردنى دۆسییەى ئاینى لەناو حوکمڕانى خۆماڵى کوردى گرتە ئەستۆ. بوو بە وەزیرى ئەوقاف، بەڵام ئەرکەکەى تەنها بەڕیوەبردنى وەزارەتێک نەبوو، بەڵکوو لە ئەستۆگرتنى ئەو دۆسییە هەستیارە بوو کە خەریک بوو مێژووى سەتان ساڵەى پێکەوەژیانى ئاینى لە کوردستان پێچەوانە دەکردەوە. ئەو رۆڵى گەورەى بینى لەوەى نەهێڵدرێت ملمانێ و ناکۆکییەکان رەنگ و سیماى ئاینى وەرگرن. دۆسییەکەى بەجۆرێک بەڕێوەبرد هێڵەکانى ئەو پەیوەندییە لەمێژینە ئاینیەى لە باو باپیرانمانەوە بۆمان مابووەوە بەهێزتر کرد. وەزارەتەکەى کردە ناوەندى پێکەوەژیانى ئاینەکان. هەر ئەوەش نا، بەڵکوو لەڕێگەى ئەو پەیوەندییە ئاینییەوە رایەڵەیەکى پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ چەندین ناوەندى گرنگى ئاینى جیهانى لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئەفریقیا دروستکرد، کە بوون بەسەرچاوەى هێز بۆ کوردستان.

‌‌‌‌‌شێخ محەمەد لەسەرەتاى تەمەنییەوە تێکەڵ بەکارى سیاسى و کوردایەتى بوو. پێش دەستپێکردنى شۆڕشى ئەیلول، ئەو وەک کادرى حیزب لە گەرمیان و کەرکوک و بەغدا شانبەشانى تێکۆشەرانى هاوسەردەمى، بناغەى کوردایەتییەکى بێ غەل و غەشیان دانا. مامۆستا بوو کە شۆڕش دەستیپێکرد وەک کادرى ناو پێشمەرگایەتى چەکى تێکۆشانى هەڵگرت، دواى نسکۆى شۆڕش ماوەیەک وەک زۆرێک لە تێکۆشەرانى دیکەى کوردستان نەفى کران بۆ جنوب بۆ ناو عارەبسان. بەڵام زوو گەڕایەوە نیشتمان و وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانى بزووتنەوەى سۆسیالیست و بەشدارێک لە پەرەسەندنى شۆڕشى چەکدارى چووەوە شاخ و بووە پێشمەرگە. یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى شۆڕش بوو، لەپاڵ ئەرکى سەرکردایەتیکردنى حیزب و ئەرکە پێشمەرگایەتیەکانیدا وەک نوسەر و روناکبیرێک رۆڵى دیارى لە وشیارکردنەوەو کارى راگەیاندن و پێگەیاندندا هەبوو.

تەنانەت لە سەردەمە سەختەکانى دواى ئەنفالدا لەگەڵ شەهید ئازاد مستەفا پێکەوە کتێبە نازدارەکەى جۆرج ئۆرۆیل(مەزراى حەیوانەکان)یان وەرگێڕاو هەر لە شاخ چاپ و بڵاویان کردەوە .دوای ڕاپەڕین و دامەزداندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەکابیینە جیاجیاکانی حوکمڕانی خۆماڵی کوردیدا ئەرکی جۆراوجۆری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی پێسپێردرا . لەهەمانکاتدا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان درێژەی بەبشداریی کاری سیاسی کرد.

هەمیشە ماڵەکەى ناوەندێکى کۆمەڵایەتى و پەروەردەیى بووە. لەبوارى روناکبیرى خاوەن ئیمتیازى گۆڤارى کەرکوک بوو کە تەمەن درێژترین گۆڤارى لێکۆڵینەوەى مێژوویى ئێمەیە. لەبوارى وەرگێڕان کتێبى کێشەى ویلایەتى موسڵى وەرگێڕا کە ئەوکات مام جەلال پێشەکى بۆ نوسیووەو بە یەکێک لە بەنرخترین کتێبە مێژوویەکان پەسەنیکردووە. خەمخۆرێکى گەورەى کێشەى کەرکوک و پێکەوەژیان بوو لەو شارە، کتێبى کورد و تورکمان یەکێک لە بەبەهاترین کارەکانى بوو وەک نەخشەڕێى چارەسەر بۆ کێشەى کەرکوک و پێکەوەژیانى نێوان پێکهاتەکانى. تا چرکەساتى وەفاتى، سەرۆکى کۆمەڵەى روناکبیرى کەرکوک بوو لە چەندین کۆنگرەى کۆمەڵەدا دەیویست و داواى دەکرد وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییە ئیداریى و سیاسییەکانى دەستبەردارى ئەو پۆستە بێت، بەڵام هەمیشە وەک پەتى تەزبیحى پێکەوە هێشتنەوەى لیواى کەرکوکى جاران بەستنەوەى کەرکوک و گەرمیان، ئەرکەکەى بەسەردا دەسەپێندرایەوە.

‌‌‌‌‌بەندە شەرەف و شانازى ئەوەم بەردەکەوێت بەدرێژایى زیاتر لە سى بۆ چل ساڵ لە نزیکەوە ناسیومەو کارم لەگەڵکردووە. لەکارى حیزبایەتى راستەوخۆ بەرپرسم بووە. لە بوارى روناکبیرى چى ئەوکاتانەى وەزیرى رۆشنبیرى بوو لە دوو وێستگەى گۆڤارى ئاران و گۆڤارى ئەنفالدا هەماهەنگکارمان بووە. لە کۆمەڵەى روناکبیرى و کۆمەڵایەتى کەرکوکیش ساڵانێکى زۆر جێگرى بووم و لێوەى فێرى رەوشت و ئاکارى بەرزى کوردایەتى بووم.

‌‌‌‌‌ئەو بە سەربەرزی ژیا و بەسەربەرزییەوە بەجێى هێشتین. قەرزى کەسى بەسەرەوە نیە، بەڵام گەل و نەتەوەکەى، ئێمەو مانانى دۆست و ئاشناى، هەموومان قەرزارى ئەوین، کە فێرى زۆر شتى گرنگى کردین لەژیان. مامۆستا بوو، بە راستى بە رەفتارە جوانەکانى، بە گفت و قسە نەستەق و خۆشەکانى، مامۆستا بوو. مامۆستاى بیرى کوردایەتى، مامۆستاى رەوشتى بەرزى سیاسى، مامۆستاى رەفتارى کۆمەڵایەتى، مامۆستاى ئادابى سۆفیگەرییانەى ئاین و خوداناسى. ئەو رۆیشت و بەجێى هێشتین، لە کاتێکیشدا رۆیشت هێشتا خەون و ئامانجى دیکەى مابوون کاریان بۆ بکات و بەدییانبهێنێت، لەکاتێکدا رۆیشت هێشتا ئێمەش زۆر پێویستمان بەو بوو. بەڵام رۆیشت. رۆیشت و بە جەستە لەناومان نەما، بەڵام چاوى دونیابینیەکانى هێشتا لەنیگاى ئێمەدا زیندووە، بیرو باوەڕو رەوشت و ئاکارو رەفتار و گفت و گوتارەکانى هەر دەمێننەوە. ئەو بوو بە ئەستێرە، ئیر‌ وەک ئەستێرەیەک لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوەو بۆ هەمیشە ئاوانابێت و جێمان ناهێڵێت.

بۆ یادی مامۆستا شاكه‌لی هه‌ڤاڵ و سه‌ركرده‌بەهرۆز گەڵاڵی، لە ژمارە ١٣٥ گۆڤاری بانەڕۆژدا: دوای رێكه‌وتنامه‌ شومه‌كه‌ی ٦ ی ...
26/08/2026

بۆ یادی مامۆستا شاكه‌لی هه‌ڤاڵ و سه‌ركرده‌

بەهرۆز گەڵاڵی، لە ژمارە ١٣٥ گۆڤاری بانەڕۆژدا:

دوای رێكه‌وتنامه‌ شومه‌كه‌ی ٦ ی ئادار-١٩٧٥ ی جه‌زائیر‌ كه ‌له‌نێوان شای ئێران و سه‌دامی گۆربه‌گۆر به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆكی جه‌زائیر هه‌واری ‌‌بۆمدیان له‌دژی شۆڕشی ئه‌یلول ئیمزاكرا، ‌‌له‌سه‌روبه‌ندی تێكچونی شۆڕشی ئه‌یلول زۆر سه‌ركرده‌ ئه‌وكات له‌م بڕوایه‌دابون‌‌‌ شۆڕشی ئه‌یلول ده‌بێ به‌رده‌وام بێت ، له‌ ناویاندا كاك عه‌لی عه‌سكه‌ری ،كاك ڕه‌سول مامه‌ند، مام عومه‌ر ده‌بابه‌، كاك تاهیری عه‌لی والی، شه‌هید عه‌لی هه‌ژار، شه‌هید دكتۆر خالید، شه‌هید سه‌عدی گچكه‌، شه‌هید كاردۆ گه‌ڵاڵی، مه‌لاناسیح و سه‌یدكاكه‌و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی تر له‌ گه‌رمیان و كه‌ركوك له‌ ناویاندا مامۆستا محه‌مه‌د شاكه‌لی و نوره‌دین عه‌بدولره‌حمان، له‌ دوایشدا هه‌ر ئه‌وانه‌ بیرۆكه‌ی دروستكردنی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانیان له‌ نێو خۆیاندا تاوتوێكرد وله‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان خۆیان‌‌ ڕێككه‌وتن.

سه‌ره‌نجام له‌ ٨-٨-١٩٧٦ بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان -یان دروست كرد، دوایش ناوه‌كه‌ی بوه‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان، وه‌به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌هه‌مو شاره‌كانی كوردستان و به‌غدا و جنوب ‌‌بڵاوكرده‌وه‌، به‌نده‌ش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م به‌ركه‌وت، بوومه‌ ئه‌ندام له‌ بزوتنه‌وه‌ و به‌یانه‌كه‌ بۆ ئه‌وكاتی سه‌دایه‌كی زۆر باشی لەناو جه‌ماوه‌ر هه‌بوو، ڕۆڵی بزوتنه‌وه‌ لێره‌وه‌ به‌ جدی و چالاكانه‌ ده‌ركه‌وت و ده‌ستیپێكرد، كاك ڕه‌سول و به‌شێكی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ناوم هێنان له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌دابوون.

بێگومان دوای دروستبونی بزوتنه‌وه‌ سه‌یدا ساڵح یوسفی كه‌ به‌ ئه‌زمونترین كه‌س بوو له‌ ناویاندا، بۆیه‌ شه‌ره‌فی رابه‌رایه‌تیكردنی بزوتنه‌وه‌یان دا به‌ سه‌یدا ساڵح یوسفی و وه‌ك ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان په‌سه‌ندیان كرد، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو كه‌ هێشتا كۆنفرانس نه‌به‌سرابوو، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌هه‌ڤاڵان ئه‌وكات ڕۆڵی سكرتێر و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیان له‌ ناوه‌وه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌بینی.

به‌نده‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر زانیم كه‌ مامۆستا شاكه‌لی كاتێ بۆ به‌غداو خوارووی عیراق دوورخرابۆوه‌ رۆلیكی چالاكی هه‌بو له‌ دروستكردنی رێكخستنه‌كانی بزوتنه‌وه ‌و جۆشوخرۆشدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو كاركردن له‌نێو په‌ناهه‌نده‌ و كورده‌ به ‌زۆر راگوێزراوه‌كانی به‌غدا و خوارووی عیراق بۆ ئاماده‌كردنیان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان، به‌ ئه‌ندامیه‌تی بزووتنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵه ‌و به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان .

بێگومان به‌ حوكمی ئاماده‌گی و بوونی م. شاكه‌لی له‌ به‌غداو له‌ جنوب، هاتۆچۆی زۆری له‌گه‌ڵ ‌‌سه‌یدا سالح یوسفی و كاك عه‌لی هه‌ژارو كاك كاردۆ گه‌ڵاڵی هه‌بوو چونكه‌ ئه‌وانیش هه‌ر له‌ به‌غدابوون.

مامۆستا محه‌مه‌د شاكه‌لی ‌‌نه‌مر له‌ سلێمانی له‌ ساڵی ١٩٧٧ له‌گه‌ڵ هاوڕییانی كۆمه‌ڵه‌ش ‌‌ئه‌وكات به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كاك مه‌لا به‌ختیار له‌په‌یوه‌ندی دابوو كه‌ نوێنه‌ریان بوو له‌ڕێكخستنه‌ نهێنیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌. شاكه‌لی یه‌كدو جار له‌گه‌ل كاك مه‌لا به‌ختیار كۆببوه‌وه‌ و باسی په‌یوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌یان پیكه‌وه‌ده‌كرد، ‌‌وه‌ په‌یوه‌ندی باشیان پێكه‌وه‌ هه‌بوو، ته‌نسیق و هاوكاری باشیش ‌‌له‌ نیوانیاندا هه‌بوو.‌‌

شاكه‌لی‌‌پیاوێكی مه‌ندو هێمن و له‌سه‌رخۆو ره‌وشت به‌رز بوو . پیاوێكی كورد په‌روه‌ر بوو. به‌نده‌ له‌ زۆر كاتدا له ‌ناو حزب و له‌ ناو یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانیش ئه‌وه‌نده‌ی كارمان به‌یه‌كه‌وه‌ كردبێت زۆر سودم له‌ ئامۆژگاریه‌كانی وه‌رگرتوه‌و هه‌تا بڵێی وردو زیره‌ك و له‌سه‌رخۆ بوو، زۆریش ئاره‌زووی له‌ ته‌بایی و برایه‌تی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كرد.

له‌ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی یه‌كه‌مجار مامۆستا شاكه‌لی هاته‌ لای جه‌نابی مام جه‌لال له‌ یاخسه‌مه‌ر و به‌ردی بناغه‌ی نزیكبونه‌وه‌ی نێوان سۆسیالست و یه‌كێتی نیشتمانی ‌‌دانا و دوایش رێكه‌وتنامه‌ی یه‌كێتی و سۆسیالیست ئیمزاكرا و ئینجا لایه‌نه‌كانی تری ناوبه‌ره‌ی‌‌(جود)هاتن و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتییان ڕاگه‌یاند.

م. شاكه‌لی یادی خێربێت، هه‌ڤاڵێكی نزیك و خۆشه‌ویستی ئێمه‌ بوو. به‌داخه‌وه‌ زوو جێی هێشتین، سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ مامۆستای سه‌ركرده‌و هه‌ڤاڵم مامۆستا شاكه‌لی ئازیز داده‌نه‌ۆینم و ڕۆحی شادبێت و ده‌ڵێم مێژووه‌كه‌ت پڕه‌ له‌سه‌روه‌ری و خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان و جێگای رێزو تەقدیری و یادت دەکەم و ڕۆحت شادبێت.

(کنار)ە ڕوو لە ئاسمانەکەی گەرمیان د.ئەرسەلان بایز دۆڵی جافایه‌تی ده‌كه‌وێته‌ نێوان چه‌ندین زنجیره‌ چیای سه‌ركه‌شی وه‌كو ...
18/08/2026

(کنار)ە ڕوو لە ئاسمانەکەی گەرمیان

د.ئەرسەلان بایز

دۆڵی جافایه‌تی ده‌كه‌وێته‌ نێوان چه‌ندین زنجیره‌ چیای سه‌ركه‌شی وه‌كو (ژیلوان، چه‌رماوه‌ند، ئاسنگه‌ران، به‌بۆ، هه‌للاج، گۆجار...هتد). له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دوكانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ گوندی(گاپیلون)نزیك ناحیه‌ی كارێزه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌و دۆڵه‌ له‌ به‌هاران به‌هه‌شتێكه‌و خوا تایبه‌ت به‌ عێلی جافی به‌خشیوه‌. خوڕه‌ی ئاوی دۆڵ و چه‌م و قه‌ڵبه‌ز وكانیاوه‌كان، گوڵاڵه‌ سووره‌ی نیسان، به‌یبون و میاقه‌ی پێده‌شت و قه‌د پاڵی شاخه‌كان.
باعه‌ باعی كارژۆڵه‌ وبه‌رخۆڵه‌كان، دیمه‌نی ڕانه‌ مه‌ڕی نێو مێرگه‌كان. قاژو قیژی كوڕو گه‌نجه‌ جل و به‌رگ ئاڵ و واڵاكانی چنینه‌وه‌ی كه‌نگرو كاردوو ڕێواسی بن تاوێرو شاخه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌نگی كه‌وو بولبول و ناڵه‌ی شمشاڵی شوانه‌كان، سه‌مفۆنیایه‌كی بێ وێنه‌یه‌و خوا به‌و ناوچه‌یه‌ی ڕه‌وا بینیوه‌.

ساڵانی ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، باره‌گاكانی (م.س) وسه‌ركردایه‌تی، مه‌كته‌به‌كانی (ی.ن.ك) له‌ دێهاته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دامه‌زرابوون. باره‌گای مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنیش له‌ به‌رگه‌ڵوو بوو. به‌رگه‌ڵوو دۆڵێكی شاخاوی به‌ر ته‌سكی پڕ له‌ داروباری گوێز، هه‌نار، ڕه‌زی ترێ...سێوه‌ لاسووره‌...هتد بوو. به‌رگه‌ڵوو و سه‌رگه‌ڵوو به‌ زنجیره‌ شاخ و چۆمێک لە یەکتری دادەبڕێن هەموو ڕۆژ تۆپخانه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌ سه‌ربازگه‌ی (سوسێ)وه‌ تۆپبارانی دۆڵه‌كه‌ی ده‌كرد. به‌ڵام جم و جۆڵی پێشمه‌رگه‌و دانیشتوانی ئاسایی ناوچه‌كه‌، دیمه‌نێكی پڕ له‌ ئومێدی ژیانێكی ئاینده‌یان ده‌نه‌خشاند.

یه‌كێ له‌ ڕۆژه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌، شاندێكی حیزبی سۆسیالیستی كوردستان و حیزبی شیوعی، سه‌ردانی باره‌گاكانی (ی.ن.ك(یان كرد. یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ له‌ باره‌گای ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، له‌ دۆڵه‌كه‌ی نێوان سه‌رگه‌ڵوو و به‌رگه‌ڵوو، به‌ سه‌رپه‌رشتی كاك نه‌وشیروان‌‌ ئه‌نجامدرا، له‌وێ بۆ یه‌كه‌مین جار كاك نه‌وشیروان به‌ لێپرسراوی شاندی حیزبی سۆسیالیستی ناساندم ،(مامۆستا شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی) پێشتر‌ به‌ هۆی چه‌ند ئه‌دیبێكه‌وه‌ ناوی شاكه‌لیم بیستبوو. پیاوێكی باڵا به‌رز. هه‌ندێ لاواز، ده‌م و چاو ڕه‌قه‌ڵه‌. هه‌تا بڵێی هێمن و كه‌م دوو و ئارام، ڕووناكبیرو ئاشتی خواز. دواتر وتیان له‌ شێخه‌كانی به‌رزنجه‌ی گوندی شاكه‌لی گه‌رمیانه‌.

دیاره‌ شێخانی به‌رزنجی وه‌كو كورد، ئه‌وانیش به‌سه‌ر ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشبه‌ندی دابه‌ش بوون. مامۆستا شێخ محه‌مه‌د نه‌قشی بوو. ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بوو به‌ بناغه‌یه‌ك بۆ ئاشتبوونه‌وه‌و پێوه‌ندی نوێی یه‌كێتی و هه‌ردوو حیزب. كه‌ به‌شێكی بۆ سووربوونی مامۆستا شێخ محه‌مه‌دو چۆنیه‌تی دان و ستاندنه‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌.

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كان، داوام كرد ئێواره‌ میوانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن بن. دیاره‌ ئه‌و ساڵانه‌ كاك شێركۆ بێكه‌س. كاك هه‌ڤاڵ كوێستانی، د.فه‌رهاد پیرباڵ له‌ نووسه‌رانی ڕاگه‌یاندنی(ی.ن.ك) بوون. له‌ گوندی هه‌ڵه‌دنیش باره‌گای یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردستانی لێبوو. هه‌ر به‌ بۆنه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ شه‌و كۆڕێكمان بۆ كاك شێركۆ بێكه‌س ڕێكخست. شه‌وێكی پڕ له‌ باس و خواسی، ئه‌ده‌ب و ڕووناكبیریمان به‌ڕێكرد. ڕۆژی دواتر له‌ پانتایه‌كه‌ی نێوان گوندی هه‌ڵه‌دن و چاڵاوه‌ پێشانگایه‌كی كتێب، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن و یه‌كێتی نووسه‌رانی كوردستان نمایش كرا. كتێبه‌كان به‌سه‌ر په‌تی هه‌ڵواسراوی نێوان دره‌خته‌كان هه‌ڵواسرابوون. كاتێ‌ مامۆستا شێخ محه‌مه‌دو شانده‌كه‌ی حیزبی شیوعی ئه‌و هه‌موو بڵاوكراوه‌یان بینی، سه‌ریان سوڕما، كه‌ چۆن توانراوه‌ ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و سیاسیه‌، به‌و توانا كه‌مه‌ دارایی و پێداویستی چاپ ئه‌نجامدراوه‌. چونكه‌ ڕژێمی عێراق هه‌ر وه‌كو چۆن ئابلوقه‌ی ئابووری خستبووه‌ سه‌ر ئه‌و دۆڵه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئابلوقه‌ی چاپه‌مه‌نیشی دابوو. ئه‌و شانده‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ژماره‌یه‌ك كتێبیان به‌ دیاری له‌گه‌ڵ خۆایان برده‌وه‌. دیاره‌ مامۆستا خۆشی خاوه‌نی قه‌ڵه‌مێكی به‌ بڕشت بوو. به‌ تایبه‌تی وه‌رگێڕانی كتێبه‌كه‌ی له‌باره‌ی ویایه‌تی موسڵ.

دوای كۆڕه‌وه‌ یه‌ك ملیۆنیه‌كه‌و كشانه‌وه‌ی ڕژێمی عێراق له‌ كوردستان. دوای تێكه‌ڵاو بوونه‌وه‌ی به‌شێكی سۆسیالیست له‌گه‌ڵ پارتی.به شێكیش له‌گه‌ڵ (ی.ن.ك). مامۆستا شێخ محه‌مه‌د كه‌وته‌ لای ئێمه‌، بوو به‌ ئه‌ندامی (م.س)، ئه‌وه‌ی به‌نده‌ له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژی یه‌كتر‌ناسینمان له‌و مرۆڤه‌م بینی تا دوا هه‌ناسه‌ی به‌رده‌وام بوو. دیاره‌ ماوه‌یه‌كیش بوو به‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری له‌ سلێمانی. له‌و ماوه‌یه‌دا خزمه‌تێكی زۆری ڕووناكبیری كوردستانی كرد. دوای تێكه‌ڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌ته‌كانی زۆنی سه‌وزو زه‌رد یش، مامۆستا بوو بەوه‌زیری ئه‌وقاف. ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ حوكمی ڕووناكبیری و بنه‌ماڵه‌ی شێخایه‌تی و وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێك، هه‌ردوو پۆستی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدا.

دوای خانه‌نشینیشی پێوه‌ندیمان هه‌ر به‌رده‌وام بوو. ته‌نانه‌ت جارێك له‌گه‌ڵ كاكه‌ شێخ و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی تر سه‌ردانی كاك مه‌سعود بارزانیمان كردو قسه‌ی دڵی خۆمان، له‌ ناڕه‌حه‌ت بوونمان له‌ دووبه‌ره‌كی و ملمانێی نێوان یه‌كێتی و پارتی كرد. له‌وێ ‌‌‌مامۆستا ڕاشكاوانه‌ قسه‌كانی خۆی كردو ده‌رگاشی بۆ ئێمه‌ كرده‌وه‌ قسه‌كانی خۆمان بكه‌ین.

ئه‌و ساڵانه‌ش كه‌ ڕاوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێم بوو. هه‌ڤاڵه‌كانی وا باسی ده‌كه‌ن (هه‌تا بڵێی به‌ڕێزو موحته‌ره‌م، خاوه‌ن ڕای خۆی بوو) داخم ناچێت، دوای نه‌خۆش كه‌وتنی و چه‌ندین جار سه‌ردانی كردنی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پار. دوا جار چوومه‌وه‌ بۆ سه‌ردانی وتیان ده‌رچووه‌. من پێم وابوو به‌ ته‌ندورست باشی ده‌رچووه‌. بۆیه‌ به‌ دڵێكی خۆش گه‌ڕامه‌وه‌.
به‌ڵام حه‌یفێ دوای چه‌ندین ڕۆژ هه‌واڵی جه‌رگبڕی كۆچی دوایمان پێگه‌یشت. ماڵئاوایی مامۆستا شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی ،كه‌لینێكی گه‌وره‌ی له‌ ڕێزه‌كانی ئاشتی خوازانی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دروست كرد. سامانێكی زۆری خزمه‌ت و وه‌فاو شۆڕشگێڕی بۆ كوڕه‌كانی جێ هێشت. هیوادارم بیپارێزن. هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی ان شاْ الله جێی به‌ هه‌شتی به‌رینه

مامۆستا عەلی لە ژمارە (١٣٥) گۆڤاری بانەڕۆژدا دەنوسێت؛٭ پێشینەبنەماڵەی شێخە شاكەلییەكان لە كایەی رۆشنبیریدا دەنگێكی تایبە...
31/07/2026

مامۆستا عەلی لە ژمارە (١٣٥) گۆڤاری بانەڕۆژدا دەنوسێت؛

٭ پێشینە
بنەماڵەی شێخە شاكەلییەكان لە كایەی رۆشنبیریدا دەنگێكی تایبەتین، بە گشتیی قەڵەمبەدەستی كاران، سەروكاریان لەگەڵ دنیای نووسیندا هەیە.. شێخ ئەحمەدی شاكەلی پیاوێكی خوێنەوار و شاعیر و سۆفیی و ئەندامی حیزبی هیوا و خاوەنی كتێبخانە بووە، ئەمە زەمینەی بۆ نەوەكانی خۆشكرد لەو كەشەدا بایەخ بە خوێنەواریی و چوونە قوتابخانە و خوێندنەوە بدەن لەكاتێكا ئەو سەردەمە خوێندن بەلای خەڵكە رەشوڕووتەكەوە گوناح بوو، ئەو پاشخانە رۆشنبیرییە سەرچاوەی یەكەمی چاوكرانەوە و بەئاگابوون و رۆشنبیریی شێخ محەممەدی شاكەلی كوڕی بوو!
لەهەر سێ دێی شاكەل و سەییدە و دێبنە خوێنەواری گەورە، شاعیری دیار، نووسەری ناودار، چیرۆكنووسی داهێنەر هەڵكەوتوون، بەهرەكانیان پشكووتووە، پلە جیاجیاكانی خوێنەواریی و ئەكادیمییان تیاپەیابووە.. بوونی تەكیە و قوتابخانە و خوێندن لە سەییدە خەڵكیی بۆ زانست و فێربوون لەدێهاتەكانیتریشەوە رادەكێشا.. شێخ محەممەد یەكێك لەوانە بوو دواتر وەكو كەسێكی هۆشیار لە بوارە جیاجیاكان دەركەوت.
ئەو سەردەمەی پێگەیشتنی شێخ محەممەد پڕ لە هەڵبەزودابەز بوو، حیزبی كوردی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دروستبوو، كوردایەتیی بوو بە رێبازێكی نەتەوەیی كە هەموو كوردێك لەهەر ئاستێكدا بتوانێ پشكدارییبكات، كە رێگایەكی پڕ لە دڕكوداڵ و پێویستی بە رەنج و قوربانیدان بوو تا چارەنووسی كورد دیاریبكرێ.. شێخ محەممەد مامۆستایی هەڵبژارد، كە مامۆستایی كارێكی گەورە و دڵسوزیی و خەمخۆرییە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی بەئاگا بە ئەركەكانی سەرشانیان، كە خەباتە لەپێناوی رزگاریی نیشتمانیدا.

٭ دەركەوتن و درەوشانەوە
ئەو دەمە شاری كەركوك و كفری و شارەدێی كەلار وەكو سێ ناوەندی پڕ لە جووڵە و ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی لەڕووی سیاسیی و خەباتی حیزبییەوە رۆڵی كارا و كاریگەریان دەبینی لە ئاراستەكردن و پێگەیاندنی خەڵكانێك خەمی چارەنووسیان بێت.
شێخ محەممەد لەو هەلومەرجەدا خۆی بینییەوە لەگەڵ ئەو كەشە رۆشنبیرییەی ماڵی خۆیان چاوی شێخ محەممەدی كردبووەوە و هۆشیاریی باڵاتر كردبوو، ئاگای لە رووداوەكانی رۆژگار و بارودۆخی كورد بێت، كەوتبووە ناو بازنەی حیزبایەتی و كاری سیاسیی و بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلول و پێشمەرگایەتی..
سیاسەتكردن و خەباتی حیزبی بۆ كورد واتە ئامادەیی بۆ گیانبەخشین، حیزبایەتی و رێكخستن تەنیا كاری خەڵكی سادە نییە، بەڵكو ئەركی خوێنەواران و رۆشنبیرانە هەنگاوەكانیان چڕبكەنەوە و رێگا بۆ خەڵكیی خۆشبكەن بە بیری پێشكەوتوو و عەقڵی كراوە و دیدگای رۆشنەوە نەخشەڕێژیی بكەن تا دەروازەی سەركەوتن بكەنەوە.

٭ خەباتی نهێنیی
دوای ئاشبەتاڵ شێخ لەشاردا دانەنیشت، لەناو ئاڵۆزییەكانی سیاسەت و بەرنامە مرۆڤكوژییەكانی بەعسدا وریایانە لەگەڵ هەڤاڵەكانیدا تاَلە داوەكانی رێكخستنێكی نوێیان چنی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی كوردستان بوو، دواتر لەشۆڕشدا پلە باڵاكانی ئەندامێتیی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی لەناو حیزبی سۆسیالیست و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەردەگرێت و لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا سێ كەڕەت دەكرێتە وەزیر، بەمەش كەسایەتییەكی بەرچاو و رۆشنبیر ئەستیرەی ناوداریی درەوشایەوە.

٭ قەڵەم و نووسین
سەرباری ئەو جەنجاڵییەی سیاسەت و كاری حیزبیی هەرگیز لە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان دوورنەكەوتبووەوە، هەندێ لە كات و ساتی خۆی بۆ تەرخانكردبوون، مەرەكەبی قەڵەمەكەی وشك نەدەبوو، زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی بە باشیی دەزانی، شارەزایی لە ئەدەب و ئایین و مێژوو و رووداوەكان بوو.
شێخ لە یەك بواردا لەنگەری نەگرتبوو لە چەند ئاستێكدا خۆی بینیبووەوە، لەیەككاتدا نووسەر و وەرگێڕ و خوێنەرێكی باشبوو، بایەخی بە كتێب و كایەی رۆشنبیریی دەدا، بە شێوازێكی سادە و زمانێكی پاراو بابەتەكانی ناو كتێبەكانی دادەڕشت تا چێژی ئەو نووسینانە بە ئاسانیی بگاتە خوێنەر و زانیارییەكانیان لابمێنێتەوە.
نووسین بەلایەوە گەیاندنی زانیاریی و دەرخستنی راستییەكان و راستكردنەوەی چەوتییەكان بوو، ئەمەش لە راستگۆیی بیر و كردار و هەڵوێستەكانیەوە سەرچاوەی دەگرت.. ئەو نووسینی بۆ خەڵكیی دەنووسی، لەداڕشتنەكانیدا گرێوگۆڵ و ئاڵۆزیی نابینرێ، كە كادری حیزبیش بوو هەر بە زمانێكی سادە و سانا لەگەڵ خەڵكی لادێكاندا گفتوگۆی دەكرد، پەیامەكانی بە جوانیی دەگەیاند.

٭ بەرهەمەكانی
لە كاری رۆشنبیریدا ئەوانەی نووسیونی و چاپیكردوون و گەیشتوونەتە كتێبخانەكان و كەوتوونەتە بەرچاوی خوێنەران 9 كتێبن.. نازانین ئەگەر شتیتری لەبەردەستدابووبێت.. ئەو بابەتانەی هەڵیبژاردبوون بابەتی گەرم و پەیوەست بە دۆزی كورد و ژیانی خۆیەوە بوون:
- وەكو مامۆستا كتێبی (پەروەردە و خوێندن لە گەرمیاندا 1950 – 1960).
- وەكو پەرۆشێكی ئاوەدانیی لادێ كتێبی (لەدلادێوە بۆ شار).
- وەكو گەرمیانییەك كتێبی (گەرمیان رابردوو و ئاییندە).
- وەكو پەیوەستێك بە شاری كفری و شارەدیی كەلار كتێبی (قەزای كفری.. شارەدێی كەلار لە پەنجاكاندا و پاسەكەی حاجی 1961 – 1975).
- وەكو حیزبییەك كتێبی (لە بزووتنەوە و بۆ حیزبی سۆسیالیستی كوردستان) 1976 – 1993.
- وەكو خەمخۆرێكی كەركوك كتێبی (كورد و توركمان).
- لەڕووی سیاسییەوە كتێبی (كێشەی ویلایەتی موسڵ)ی لەعەرەبییەوە وەرگێڕاوە.
- لەڕووی ئەدەبییەوە كتێبی (مەزرای حەیوانەكان)ی لەفارسییەوە وەرگێڕاوە.
- كتێبی بیرەوەرییەكانی (هەوراز و نشێو) بەرگی یەكەم.
هەندێك لەم كتێبانەی دووبارە چاپكراونەتەوە وەكو:
- كتێبی (مەزرای حەیوانەكان) لە ساڵەكانی 1992و 2005 چاپكراوەتەوە.
- كتێبی (كێشەی ویلایەتی موسڵ) لە ساڵەكانی 1997و 2007 چاپكراوەتەوە.
- كتێبی (كورد و توركمان) 2006، (الكورد والتركمان مشروع لتقویم واقع مفتعل) 2007، (الكور والتركمان الی این؟) 2011 چاپكراوەتەوە.
ئەم كتیبانەشی لە زمانی كوردییەوە وەرگێردراونەتە سەر زمانی عەرەبی:
- كتێبەكانی: (كورد و توركمان) بەناوی (الكورد والتركمان مشروع لتقویم واقع مفتعل)، (الكور والتركمان الی این؟).
- كتێبی: (پەروەردە و خوێندن لە گەرمیاندا 1950 – 1960) بەماوی (صورە المجتمع والمدرسە فی الخمسینات من القرن الماچی 2015).
جگەلە كتێبنووسین بابەتی لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا دەنووسی، هەروەكو تا كۆچیدواییكرد سەرۆكی كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك بوو ، جگەلەوە بەشداری و ئامادەیی لە زۆرێك لە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبی و ئایینیی و كۆمەڵایەتییەكاندا هەبوو، هەروەكو خاوەنی كتێبخانەیەكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە.

گەرمیان بە كۆچی ئەم شێخە نووسەرە سیاسییە كۆمەڵایەتییە رۆح سۆفییە تارای خەمی پۆشیی، 22/ 1/ 2026 رۆژێكی تەماویی بوو.. ئەو رۆحە جوانە هەتایە وەكو چراخانێك لە دڵی سەعداوادا دەگەشێتەوە، ئەو رۆژە مێژوویەكە هەرگیز فەرامۆشناكرێ

عەدنان موفتی، هاوڕێ و هاوخەباتی شاکەلی لە گۆڤاری بانەڕۆژدا دەنوسێتبەیادی شێخ محەمەد شاکەلی سەرکردە عەدنان موفتىشێخ محه‌م...
26/07/2026

عەدنان موفتی، هاوڕێ و هاوخەباتی شاکەلی لە گۆڤاری بانەڕۆژدا دەنوسێت

بەیادی شێخ محەمەد شاکەلی سەرکردە

عەدنان موفتى

شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی سه‌ركرده‌یه‌كی دیار، پێشمه‌رگه‌یه‌كی تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌كی خۆڕاگر بوو كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی له‌ ناو جه‌رگه‌ی خه‌بات و شورشدا ژیا. خۆی وهه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌ی، سه‌ره‌ڕای سه‌ختیی ژیان و چه‌ندین جار ده‌ربه‌ده‌ری، به‌رده‌وام بوون له‌ خه‌بات به‌بێ ئه‌وه‌ی سڵ له‌ تێكۆشان بكه‌نه‌وه‌. ژیانی ئه‌و، نموونه‌یه‌كه‌ له‌ پێداگری و خۆبه‌خشین بۆ ئامانجه‌ گه‌وره‌كان.

یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی ١٩٧٩ ناوی ئه‌وم بیست ، كاتێك ڕه‌وانشاد ڕه‌سووڵ مامه‌ند له‌ كۆنفرانسی پێكهێنانی حزبی سۆسیالیستدا باسی چه‌ند هه‌ڤاڵێكی كرد كه‌ به‌ نهێنی له‌ شارو ناوچه‌كانی كوردستان و به‌غداد كاری ڕێكخستنیان ده‌كرد.

شاكه‌لی یه‌كێك بوو له‌و تێكۆشه‌رانه‌ كه‌ له‌ پاڵ شه‌هیدانی وه‌ك ساڵه‌ح یوسفی، عه‌لی هه‌ژار و كاردۆ گه‌ڵالی، به‌بێ ئاشكراكردنی ناویان، بۆ ئه‌ندامه‌تی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردران. دوای كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی سۆسیالیست و تیرۆركردنی شه‌هید سه‌یدا ساڵه‌ح یوسفی له‌ به‌غداد به‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارنی ڕژێم و به‌هۆی مه‌ترسیی سه‌ر ژیانی و له‌سه‌ر بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی ، شێخ محه‌مه‌د شاری جێهێشت و خۆی گه‌یانده‌ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان وله‌ لایه‌ن هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تیی و پێشمه‌رگه‌ وكادیرانه‌وه‌ پێشوازی گه‌رمی لێ كرا.

به‌ هۆی نزیكی بیرووڕاو باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ زوو بووینه‌ هاورێ و براده‌ر، شێخ محه‌مه‌د، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی وه‌ك كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموود و خوالێخۆشبوو شێروان شێروه‌ندی، لێپرسراوه‌تی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سلێمانی و كه‌ركوكیان هه‌بوو و له‌وێدا ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری گێڕا. هه‌روه‌ها، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و ده‌ركردنی ڕۆژنامه‌ و چاپه‌مه‌نییه‌كاندا،‌‌ ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو و كه‌ جگه‌ له‌ بیر و بۆچوونی سیاسی و هزری حیزب، چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان تێدا بڵاو ده‌كرانه‌وه‌. له‌ ساڵانی پێش ڕاپه‌ڕینی 1991

له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كه‌ له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كان وه‌ك ئاڵوه‌تان، شووشان و كاوڵان ساز ده‌كران، شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی به‌ هێمنی و تێگه‌یشتنێكی ورد له‌ بارودۆخی ئه‌و كاته‌، هه‌میشه‌ بیر و ڕای خۆی به‌ ڕاشكاوی ده‌خسته‌ ڕوو. كاتێكیش ده‌رفه‌تی ئاشتی و پێویستی یه‌كرێزی و هاوكاری له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هاته‌ پێشه‌وه‌، شێخ محه‌مه‌د یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆلێكی دیاری هه‌بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، بۆ نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و گه‌یشتن به‌ پێكهێنانی به‌ری كوردستانی.

دوای كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و شاڵاوی ئه‌نفال، كه‌ قۆناغێكی هه‌ستیار بوو له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا، شێخ محه‌مه‌د. به‌ به‌شداریكردنی چالاك له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌وڵی دا بۆ ڕێكخستن‌و به‌هێزكردنی گیانی ته‌بایی و به‌ره‌یی كه‌ هۆكارێك بوو له‌ سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی مه‌زنی ئازاری 1991دا، كه‌ زۆربه‌ی شار و ناوچه‌كانی كوردستان ڕزگار كران.

كه‌ركوك و گه‌رمیان له‌ لای شێخ محه‌مه‌د خۆشه‌ویستییه‌كی تایبه‌تیان هه‌بوو. ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌یگوت: “خۆشه‌ویستی
نیشتمان له‌ خۆشه‌ویستی ماڵ و ناوچه‌ و شاره‌كه‌ی خۆته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.”

ئه‌م باوه‌ڕه‌ی به‌ كردار ده‌رده‌خست لە کار و به‌رنامه‌كانی خۆیدا. دواتر، به‌هۆی ئاستی به‌رزی ڕوشنبیری و كه‌سایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی، بوو به‌ وه‌زیری ڕوشنبیری له‌ ئیداره‌ی سلیمانی، دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی ٢٠٠٥و پێكهینانی حكوومه‌تی یه‌كگرتووی كوردستان له‌ ساڵی ٢٠٠٦، پۆستی وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی پێ سپێردرا. له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ كرد، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕێكخستن‌و یه‌كگرتنی دامه‌زراندنه‌كانی وه‌زاره‌ت و پته‌وكردنی پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان، به‌ جیاوازی ئاین و نه‌ته‌وه‌ و زمان.

شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لی، تا دوا ساته‌كانی ژیانی، سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی، به‌رده‌وام بوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان. ته‌نانه‌ت له‌ كاتی نه‌خۆشخانه‌شدا، هه‌میشه‌ نیگه‌رانی دۆخی ژیان و بژێوی خه‌ڵك و بارودۆخی كوردستان بوو.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی. ڕوحی شاد بێت و یادی به‌خێر، له‌گه‌ڵ گشت شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی گه‌لی كوردستان

لە ژمارەی (١٣٥) هاوینی ٢٠٢٦ گۆڤاری بانەڕۆژدا،بێستوون ژاڵەیی دەنووسێت:لە دوایدا چرای گەورە کەسایەتی سیاسی و روناکبیری و ک...
24/07/2026

لە ژمارەی (١٣٥) هاوینی ٢٠٢٦ گۆڤاری بانەڕۆژدا،

بێستوون ژاڵەیی دەنووسێت:

لە دوایدا چرای گەورە کەسایەتی سیاسی و روناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمیان و کوردستان شێخ محەمەد شاکەلی لە ٢١ کانونی دووەمی ٢٠٢٦ کوژایەوە و گەڕایەوە بۆ لای باری تەعالا.

ئەو پیاوە ٥٠ ساڵ زیاترە لە ژیانی سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ڕوناکبیری ئێمەدا نەخشی بەرچاو دەگێڕێ و نیشتمان وعیرفان وسەنگینی وئاشتیخوازی و لێبوردەیی و دەستپاکی و لەخۆگرتن و قبوڵکردنی جیاوازی و گەڕان لە ڕایەڵە و ڕووبەرە هاوبەشەکانی کۆکردبوەوە و کردبوویە سیمای ژیانی خۆی و چواردەورەکەی.

ئێمە لە کۆمەڵەی ڕوناکبیری و گۆڤاری بانەڕۆژ خەسارمەندی یەکەمی کۆچی ئەم پیاوەین کە هەرگیز شوێنمان بۆ پڕنابێتەوە، هەروەک کەرکوک و گەرمیان وکوردستانیش سەرکردە و سیمبولێکی گەورەیان لە دەست چوو کە کۆپی تری نییە، کاتێ وتاری پۆلێ لە هاورێ وهاوسەنگەر و دۆستانی شاکەلی لەم ژمارەیەی بانەڕۆژدا دەخوێنیتەوە باشتر تێدەگەی چ پیاوێکی جوان وسپی وگەورە لێرە بووە و بە جەستە نەماوە وبەڕوح و بەهاکانی لێرە هەر لێرە دەبێ!

شێخ محەمەد شاکەلی تا لە ژیاندا بوو ڕازی نەدەبوو لە کۆڕ وچالاکیەکی کۆمەڵە یا گۆڤاری بانەڕۆژیشدا بە وشەیەک یان ئاماژەیەکیش باسی سەروەری و باشی و جوانییەکانی بکرێ ولەمە زۆر تورە دەبوو، لە کاتێکدا لەم دوواییانەدا کۆمەڵە و بانڕۆژیس بە پارەی گیرفانی ئەو وکاری خۆبەخشی ئێمە بەڕێوەدەچوون.

ئێستا کۆمەڵە و بانەڕۆژیش بێسەر ماونەتەوە و شوێنی ئەو بە نیوە وچارەکیش بۆ کەس پرنابێتەوە، ئێمە دەکۆشین بە میرات و کەلتوری ئەو پیاوە سەرمایەی مەعنەویدارە بەردەوام بین وئیلهام لە ڕۆحی گەورەی وەربگرین، هەر بەم هەست و هۆشەشەوە توانیمان جارێکی تر بانەڕۆژ دەرچوێنین وبۆ بانەڕۆژیش بەیارمەتی پەروەردگار بەردەوام دەبین.

٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦, نوسینگەی کفریی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک، مەراسیمێکی شایستەی بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی ...
30/06/2026

٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦, نوسینگەی کفریی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک، مەراسیمێکی شایستەی بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەمی نوێی چاپکراو ڕێکخست.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران، ڕووناکبیران و خوێنەرانی ناوچەکە هەردوو کتێبی: (عیرفان و هونەر):بەرهەمی شێخ سەعید شاکەلی
(دەفتەری ئەفغانی): وەرگێردراو لە لایەن (حسێن تاڵەبانی) و (سوارە شاکەلی)ناساند

بەڕێزان لە کەناڵی ڕووداو،  بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز ڕۆژنامەوان و میدیاکاری دیاری هەرێم...
08/06/2026

بەڕێزان لە کەناڵی ڕووداو،

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز ڕۆژنامەوان و میدیاکاری دیاری هەرێمی کوردستان و کەرکوکمان پێگەیشت.

بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری و تەواو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کەناڵی ڕوداو و کەرکوکی ئازیز دەکەین.

لە دەستدانی ئەم ڕۆژنامەوانە چالاکە کەلێنێکی گەورە دەخاتە نێومیدیای کوردییەوە، کات و وزەی زۆری دەوێت تا کەسی دیکە بەو جۆرەی هەڵکەوت هەڵبکەوێت.

هەڵکەوت ڕۆڵەیەکی کەرکوک و کوردستان بوو، بە کارە میدیایی و ئاکارە بەرزە ڕۆژنامەڤانییەکەیەوە چووبووە دڵ و ماڵی هەموومانەوە..
جێگەی بەهەشت بێت و دواناخۆشی خێزان و بنەماڵەکەیان بێت..

کۆمەڵەی ڕوناکبیریی و کۆمەڵایەتیی کەرکوک
٨ ـ ٦ ـ ٢٠٢٦

Address

Kalar

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when کۆمەڵەی رووناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکووک::scaok posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Shortcuts

Share