16/10/2026
هەنگاوێکی نوێ بەرەو پەرەپێدانی تواناکانی قوتابیانی
کۆلێژی زانست وۆرکشۆپێکی زانستی لەسەر مەشقی هاوینی لە کێڵگەی نەوتی خورماڵە ئەنجام دا،
رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ـی ١٠ـی ٢٠٢٦، وۆرکشۆپێکی زانستی بە ناونیشانی «مەشقی هاوینی قوتابیان لە کێڵگەی نەوتی خورماڵە» لەلایەن بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت لە کۆلێژی زانست – زانکۆی سەلاحەدین بە هاوبەشی لەگەل سەندیکای جیۆلۆجیانی کوردستان لقی هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەم وۆرکشۆپە بە ئامادەبوونی بەڕێزان حاجی ڕۆژ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و پ.د.عبدالکریم یاسین ڕاگری کۆلێژی زانست و پ.د.سمیر جودت بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و پ.ی.د.شەنگ زیاد یاریدەدەری ڕاگر و د.ئاواز شهاب سەرۆکی ڕێکخراوی پەروەردەی چیایەکان و د.مهدی خیری زراری بەرپرسی لقی هەولێری سەندیکای جیۆلۆجیان و سەرۆکی بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت وە هەروەها بە بەشداریی فراوانی مامۆستایان و قوتابیان و میوانانی پسپۆڕ ئەنجامدرا.
ئامانجی ئەم چالاکییە بەهێزکردنی تواناکانی زانستی و پراکتیکی قوتابیان و گواستنەوەی ئەزموونی مەیدانی و پەیوەستکردنی زانیارییە تیۆرییەکان بە جیهانی کار و پراکتیکی بۆ ئەوەی قوتابیان بە توانایەکی زۆرتر و ئامادەییەکی باشترەوە هەنگاو بنێنە ناو بازاڕی کار و ژینگەی پیشەیی.
سەندیکای جیۆلۆجیان بەردەوام لە هەوڵی پەرەپێدانی کوالێتیی خوێندن و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان زانست و پراکتیکدایە، بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی زانستی و پیشەیی باشتر بۆ قوتابیان.
سەندیکای جیۆلۆجیان/ لقی هەولێر