13/06/2026
شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، شەڕێكی جیۆستراتیژیی جیهانی
د. كامەران مەنتك
بەشی بیست و دوو (بەر لە كۆتایی)
13\6\2026
بە هەموو پێوەرەکان، ئەو خۆڕاگرییەی تاوەکوو ئێستا ئێران بە یارمەتیی هاوپەیمانە هێمن و بێدەنگەکانی نواندوویەتی، ئەوە دەسەلمێنێت کە تەنیا مانەوەی ڕژێمی سیاسیی ئەو وڵاتە، وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆی هەژمار بکرێت. سەرەڕای ئەو هەموو شەڕە دەروونی و ڕاگەیاندنەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتیش ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەیکات، وا دێتە بەرچاو هێشتا جڵەوی دەستپێشخەرییەکان لە دەستی ئێراندا بێت. ئەو هەوڵانەی ئێران دەیدات بۆ لێدان لە ناوبانگی ئەمریکا و هاوپەیمانەکەی و خۆتیهەڵقورتاندنی لە مەسەلەی لوبنان و دانانی مەرجی سەخت بۆ دانوستان ــ کە ئەگەر ئەمە تەنیا کارێکی نمایشکارانەش بێت ــ ڕۆڵی گەورە لە گەمەکانی سیاسەتی هەرێمی و جیهانیدا دەگێڕێت. بۆردوومانکردنی ئەم دواییەی ئیسرائیل و کوێت و بەحرەین و هتد، بە وردی بازووی سەربازیی ئێرانمان نیشان دەدات و پێمان دەڵێت ئەو ڕژێمە نەک لە ڕووخان نزیک نەبووەتەوە، بەڵکوو خەریکە زۆر بە باشی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە دەپارێزێت و بەرامبەر ئەمەش هەژموونی ئەمریکا بچووک دەکاتەوە. ئەمەش ڕێک ئەو ستراتیژییەیە کە ڕووسیا و چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئۆڕاسیا، یاخود بە لایەنی کەم بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ئۆڕاسیادا پیادەی دەکەن.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە شەڕ، هێشتا ئێران نەک هەر خۆی ڕاگرتووە، بەڵکوو لەسەر هەستیارترین ژێیە جیۆستراتیژییەکان یاری دەکات و سەرەڕۆیی بێوێنە ئەنجام دەدات. بۆ نموونە لە کاتێکدا ئەو قەیرانانەی لە گەرووی هورمز دروستی کردووە ئابووریی جیهانی شپرزە کردووە، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە شەڕەکە دەگەیەنێتە باب ئەلمەندەبیش؛ واتە لە ڕێگەی حوسییەکانەوە هەڕەشەی داخستنی ئەو دەروازە گرنگەی سەر دەریای سووریش دەکات کە بڕبڕەی پشتی هاتوچۆی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو ئەو هێزانەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێن، دوای ئەوەی نۆکەندی سوێس دەبڕن، بەو دەروازەیەدا تێدەپەڕن و بەرەو کەنداو و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دێن. ئەو هەنگاوەی ئێران دەبێتە هۆی فراوانکردنی چوارچێوەی شەڕەکە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای سوور لە هەردوو کەناراوەکانی کەنداو و ئەفریقا، واتە سعوودیە و میسر؛ بە پلەی یەکەمیش میسر، چونکە زیانێکی گەورەی ئابووری بەو وڵاتە دەگەیەنێت کە لە ڕێگەی نۆکەندی سوێسەوە دەستی دەکەوێت. بۆیە هەر کاتێک هەڕەشەکان بگاتە سەر دەریای سوور، ئەگەری تێوەگلانی میسر لەو شەڕە لە هەموو کاتێکدا بەهێزتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک حوسییەکان لە یەمەن هەمان ئەو هەڕەشەیەیان کرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دووبارەیان کردەوە، واتە شەڕەکە دەگوازنەوە باب ئەلمەندەب، وەزیری دەرەوەی میسری ئەو کاتە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئەگەر حوسییەکان لە دەریا نزیک ببنەوە، ئەوە سوپای میسر ئامادەیە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو شەڕەوە.
فراوانبوونی شەڕ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێستای ئەمریکا و تەنانەت جیهانیش ناگونجێت، بۆیە دەبینین ئەمریکییەکان زیاتر پەنا بۆ دانوستان دەبەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی زمانی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانیان بەدەست بێنن، یاخود بە لایەنی کەم بتوانن لە شەڕەکە بچنە دەرەوە و ئاوی ڕووی خۆیان بپارێزن. بەڵام سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە لەگەڵ وڵاتێکی وەکوو ئێران، یاخود ڕاستتر بڵێین لەگەڵ ئیمپراتۆریایەکی هەرێمی وەکوو ئێران، کە ئەزموونێکی گەورە و مێژوویی لەو جۆرە شەڕ و ململانێیانەدا هەیە، کارێکی ئاسان نییە. بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی ڕووسیا و چینیش دەیانەوێت ئێران وەکوو تەڵەیەک بۆ ئەمریکا بەکاربهێنن و سوود لەو شکستە ستراتیژییە وەربگرن کە ئەمریکا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری بووە. بۆیە چەندە ئەمریکا دەیەوێت سوود لە دیپلۆماسییەت، واتە هێزی نەرم وەربگرێت، ئێران هێندە زیاتر پەنا بۆ هێزی ڕەق، واتە بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و ئابووری دەبات. لە پاڵ ئەویشدا کار بۆ ئەوە دەکات مەرجە ستراتیژییەکانی خۆی بەسەر ئەمریکادا بسەپێنێت، کە ئێستا جگە لە ئیسرائیل و وڵاتە شکستخواردووەکانی کەنداو، هیچ کەسێکی تری بە دەستەوە نەماوە؛ تەنانەت ڕۆژئاواییەکانیش وەک لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێ کرد، کە هاوپەیمانی شارستانیی ئەمریکان، خۆیان لەو شەڕە دوور خستووەتەوە!
کەواتە دەکرێت بڵێین هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن ئێران ببێتە ئەو پانتاییە جیۆستراتیژییەی سیستەمی جیهانیی نوێی لەسەر دابڕێژرێتەوە، کە ئەمەش چارەنووسی ململانێکان و خودی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی گشتی دادەڕێژێتەوە و کۆمەڵێک دەزگای تری نێودەوڵەتی لەدایک دەبن و شوێنی ئەو دامەزراوە کۆنانەی قۆناغی دوای جەنگی دووەمی جیهانی و شەڕی ساردی یەکەم دەگرنەوە، کە ئێستا لەکارکەوتوون یان هێندە لاواز بوون ناتوانن وەڵامی پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە بدەنەوە. بێگومان ئەمەش لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا نابێت، بەڵکوو پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە. بۆیە پڕۆسەی شەڕ و دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت بە یەک ڕیتم نەڕوات و خێرایی و لەسەرخۆیی بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەمە هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە قەیرانەکە زۆر لەوە قووڵتر و گەورەترە کە وا بە ئاسانی بەکۆتا بێت؛ چونکە کۆی قەیرانەکانی جیهان و بەتایبەتیش ئۆڕاسیای پێوە بەستراوەتەوە. بۆیە مۆرکی "نە شەڕێکی بەردەوام و نە ئاشتییەکی هەمیشەیی" مۆرکی قۆناغی ئایندە دەبێت، تا ئەو کاتەی ئەمریکا وەک بەریتانیا لە شەست و حەفتاکانی سەدەی بیستەم ــ چۆن بەریتانیا هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشایەوە و ڕێگەی بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمریکا خۆش کرد ــ بە هەمان شێوە دەبێت ئەمریکاش بە ناچاری نەرمی بنوێنێت و بە لایەنی کەم دەستبەرداری ئەوە ببێت وەک پۆلیسێکی تاکلایەنەی جیهانی لەمەودوا بە ئارەزووی خۆی سیاسەتی جیهانی بەڕێوە بەرێت. چونکە ئێستا نەوەکانی سەدەی بیستەم نییە کە ئەمریکا ئەو هێز و کاتەی بە دەستەوە بێت هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یا ملکەچ بکات بۆ سیاسەتەکانی خۆی یا بە لایەنی کەم بێدەنگی بکات. کاتێک لە ١٩٩١ لە عێراقی دا و تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی عێراقی هێشتەوە و وەک بیانوویەک بەکاری هێنا، تا ئەو کاتەی دوای ئەفغانستان (٢٠٠٢) لە ساڵی (٢٠٠٣) پەلاماری عێراق بدات و ڕژێمی بەعس بڕوخێنێت تاوەکوو بە چەمکە جیۆپۆلەتیکییەکەی ناوچەی "دڵی زەوی" ئابڵووقە بدات. ئێستا هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەک گۆڕاوە، نەک هەر ئەمریکا ناتوانێت ئێران وەک قەوارەیەکی جیۆپۆلەتیکی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵکوو ناتوانێت ڕژێمەکەشی بگۆڕێت، تا ئەو کاتەی لەگەڵ زلهێزەکانی تری ئۆڕاسیا (چین و ڕووسیا) نەگاتە ڕێککەوتن. هەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەش واتای داڕشتنەوەی سیستەمێکی تری جیهانییە کە جێگەی سیستەمی تاکجەمسەریی ئەمریکا دەگرێتەوە. کە ئەمەش کارێکی وا ئاسان نییە و زۆر ئەگەری مەترسیداری لە پێشدایە؛ یەکێک لە ئەگەرە هەرە مەترسیدارەکان، پەنابردنە بۆ چەکی قڕکەری ترسناک و فراوانکردنی چوارچێوەی شەڕەکە، کە ئەمە نەک تەنیا ئێران، بەڵکوو کۆی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوونەوە.
بۆئەوەی بابەت و نووسینەكانت راستەوخۆ بگاتە دەست، سەبسكرایبی ئەو كەناڵەی تێلیگرام و یوتوب بكە:
https://t.me/kameranmentk1
بۆ بینینی كەناڵی یوتوب: https://www.youtube.com//videos