19/10/2026
سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان کۆبوونەوەی وەرزی پایزەی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا.
لە پێناو هەڵسەنگاندنی کارەکانی ڕابردوو و داڕشتنی پلانی نوێ بۆ خزمەتکردنی لاوان، دەستەی باڵای سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، بە شێوازی ئۆنلاین کۆبوونەوەی وەرزی پایزەی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز (وریا باقر) بەڕێوەبەری ئۆفیسی گشتی، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی وەرزی هاوینەی سەنتەرەکان. ناوبراو وێڕای گەیاندنی دەستخۆشی بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەرجەم ئەو چالاکییانەی کە بە بێ وچان لە خەمی لاواندا بوون، جەختی لەسەر درێژەدان بە خولە پیشەییەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە سەنتەر دەروازەیەکی گرنگە بۆ دەرخستن و بەرەوپێشبردنی لێهاتووییەکانی لاوان.
هەر لە درێژەی وتەکانیدا، ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی سەنتەر خرانە ڕوو، بە مەبەستی کارکردنێکی تۆکمەتر بەپێی پلانی سەنتەرەکان بۆ زیاتر خزمەتکردنی چین و توێژی لاوان
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کارگێڕانی ئۆفیسی گشتی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (ڕاستگۆ خەلیل، بینایی خان، سەربەست عەزیز، ئامانج نەسرەدین، و هاوڕێ قادر)، ڕاسپاردە و تێبینییەکانی بەشەکانی خۆیان گەیاندە بەڕێوەبەری سەنتەرەکان. لە بەرامبەریشدا، سەرجەم بەڕێوەبەری ئۆفیسەکان داواکاری و پێشنیاری سەنتەرەکانیانیان خستە ڕوو و پەیامی بەردەوامیی خۆیان بۆ خزمەتکردنی زیاتری لاوان دووپات کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی جەختی لەسەر ڕاپۆرت و بڕیاری کۆبوونەوەکان کردەوە، کە تێیدا چەندین خاڵی گرنگ و ستراتیژی بۆ قۆناغی داهاتوو پەسەند کران، گرنگترینیان ئەمانەن:
• یەکەم: گرنگیدانی زیاتر بە خولە پیشەییەکانی سەنتەر وەک بنەمایەک بۆ پێگەیاندنی پیشەیی لاوان.
• دووەم: دروستکردن و بەرەوپێشبردنی گروپە جیاوازەکانی ناو سەنتەر بۆ هاندانی کاری هەرەوەزی.
• سێیەم: فەراهەمکردنی زەمینەی گونجاو بۆ پێگەیاندنی لاوان لە بوارەکانی کارسازی (پڕۆژەی کار) و ئابووریدا.
• چوارەم: کارکردن بۆ دروستکردنی قوتابخانەی پێگەیاندنی لاوان، کە بوارەکانی (وەرزشی، هونەری و پەروەردەیی) لەخۆ بگرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی گەنجان و لاوان لە سەرتاسەری کوردستان.
17/ 10 / 2026