03/04/2026
بەیاننامەیەک لە:
ڕێكخراوی قوتابیانی كوردستان
ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان
سەبارەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانە تایبەتەكاندا
بەڕێزان لە زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانە تایبەتەكان،
کەسایەتی و خاوەنکارە دڵسۆزەکانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا،
پاش سڵاو و ڕێز...
هەمووان ئاگادارین کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و نائارامی ئەمنیی و سیاسییدا تێدەپەڕێت. ئەم دۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر جومگەکانی ژیان و باری دارایی خێزانەکان، بە جۆرێک کە لە ئێستادا پرۆسەی خوێندن لە زۆربەی ناوەندەکاندا بووەتە ”ئۆنلاین و دیجیتاڵ”.
ئێمە، لە کاتێکدا دەستخۆشی لە بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دەکەین بۆ ڕەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتییان، بە پێویستی دەزانین ڕوو لە ئێوەی بەڕێزیش بکەین. ئێوە هەمیشە هاوبەشێکی سەرەکی بوون لە پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو و بونیاتنانی وڵات، ئێستاش کاتی ئەوەیە بەو پەڕی توانای خۆتانەوە هاوكاریی قوتابیان و خوێندکاران بن.
داواکاری و پێشنیازەکانمان:
١. هاوکاری لە کرێی خوێندن: داواکارین لە سەرجەم زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانە تایبەتەكان، بە ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی خێزانەکان و گۆڕانی شێوازی خوێندن بۆ ئۆنلاین، بە ڕێژەیەکی گونجاو داشکاندن لە کرێی خوێندنی ئەمساڵدا بکەن.
٢. ڕەچاوکردنی توانا جیاوازەکان: داوا دەکەین هەر ناوەندێکی خوێندن بە گوێرەی توانا و بارودۆخی دارایی خۆی، زۆرترین هاوکاری پێشکەش بەو قوتابیانە بکات کە بەهۆی ئەم دۆخە نالەبارەوە بارگرانی داراییان لەسەر درووست بووە، بەتایبەت ئەو خێزانانەی چەند منداڵێکیان لە خوێندنی تایبەتدایە.
٣. هاوسەنگیی لە تێچووی خزمەتگوزارییەكان: گۆڕینی خوێندن بۆ ئۆنلاین تێچووی خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکانی (کارەبا، ئاو، خزمەتگوزارییەکانی کەمپەس و گواستنەوە) کەمدەکاتەوە، بۆیە داوا دەکەین ئەم جیاوازییەی تێچووە وەک هاوکاری بۆ باوان و قوتابیان بگەڕێنرێتەوە.
بەڕێزان..
قوتابیانی ئێمە سەرمایەی ڕاستەقینەی ئەم خاکەن. پشتیوانیکردنیان لەم کاتەدا، تەنها کارێکی کارگێڕیی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی نیشتمانی و مرۆیی گەورەیە کە نەوەکانی داهاتوو بە بەرزی دەینرخێنن. ئێمە پێشوەختە سوپاسی بێپایانی هەر زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەیەکی تایبەت دەکەین کە بەدەم ئەم داواکارییەوە دێت و دەبێتە مایەی دڵخۆشی و سووککردنی باری شانی خێزانەکانی کوردستان.
بەهیوای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردستان و سەرکەوتن بۆ قوتابیانمان.
ڕێكخراوی قوتابیانی كوردستان
ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان
٢/٤/٢٠٢٦