24/07/2025
پیاو سالاری یان عەدالەت
عەدالەت چەمکێکی ئەخلاقیە ،
دیارە نا عەدالەتی پێچەوانەکەیەتی
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیا ئەبینی هەردوو چەمکی عەدالەت و یەکسانی نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانی گەورەیان لەسەرە ...
ئەگەر باسێك لەسەر بوونی عەدالەت بکەین لە کوردستانا ،
سەیرەکەیەین ئەبینین عەدالەتی ( سیاسی ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، سەربازی و هەموو کایەکانی تری ژیان ) بوونی کەمە و لە ڕێژە دەرناچێت ، تەنانەت خودی دەسەڵاتی یاسایی کە سەرچاوەی یاسادانانە بۆ پارێزگاریکردن و ئەداکردنی چەمکی عەدالەت ، نا عەدالەتە ،
هەر بۆیەش ئەبینین دۆخێکی نا هەموار لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵقیا بوونی هەیە لە هەموو ڕووەکانەوە .
ئێستا ئەمەوێ لەم بابەتە گشتیە ببوێرم و بچمە سەر بابەتێکی تایبەت .
ئەویش دیاردەی نا عەدالەتانە مامەڵە کردنی کۆمەڵایەتیە لە نێوان نێر و مێدا .
وەك تێبینیەك
لەم بابەتەیا ئێمە باسی یەکسانی ناکەین باسی عەدالەتی و نا عەدالەتی ئەکەین .
با چەن پرسیارێ بکەین ژن کوشتن ، مێ کوشتن بۆچی هەیە ؟
ئایا تەنیا مێ ئەبێتە شەرەف و ناموس وەك ناوی لێ ئەنێن ،
نێر لە باسەکەیا نیە ؟
ئایا ژنان ( مێ ) نا حەقیانە باسی پیاو سالاری ئەکەن ؟
بۆ دەستکەوتنی وەڵامی پرسیاری یەکەم ئەبێ لە سایکۆلۆژییەتی تاکی کوردی تێبگەین
تاکی کوردی لەسەر پیاو سالاری گۆشکراوە و ئەمەش لە سایکۆلۆژییەتمان بابڵێین دەروونمانا چەسپاوە ،
کاتێ ئەڵێین پیاو سالاری دیارە لە ڕووی مانا جوان باشەکەی پیاو سالاریەوە گۆش نەکراوین بەڵکو لە ڕوویەکی ترەوە کە ڕوویەکی خراپ و نا بەرامبەرە چوونکە تیایا هەموو شتێ بۆ نێر ئاسایی ئەکاتەوە و بۆ مێش نائاسایی و کۆت و پێوەندو سنوور دانان ،
ئایە ئەم دەربڕینانەم بۆ ئەوەیە بڵێم ژن و پیاو نێر و مێ ئەبێ وەك یەكبن و تەواو تەواو یەکسانبن لە هەموو شتێکا لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیا یان لەهەر بابەتێکی ترا ؟
بە دڵنیایەوە نەخێر مەبەستم لەوە نیە بەڵکو من ئەمەوێ باسی بابەت عەدالەت بکەم نەوەك یەکسانی .
وەك هەر سەرەتاش ئاماژەم پێیا .
با نمونەیە بێنینەوە لەسەر مامەڵەی ناعەدالەتیانەی کۆمەڵگە لە نێوان نێر و مێیا :
ئەرێ پرسیارێ چەنێکتان بیستووتانە پیاوێ باوکێك بڵێ ئەوە من کوڕەکەم کوشت ژیانم لێسەندەوە یان برایەك بڵێ براکەی خۆم لەناوبرد ، هۆکارەکەیان ئەوە بێت کە گوایە پەیوەندی هەبووبێ لەگەڵ کچێکا بۆ نمونە مۆبایلیان پێ گرتبێ چاتی کردبێ لەگەڵ کچێکا ؟
بێگومان لانی کەم من نەم بیستووە ،
نەك هەر نەم بیستووە و بوونی نیە ، بەڵکو بەشی زۆر ئەبینی وەك شانازیەك بۆ کوڕەکە باس ئەکرێ لەلایەن برا و باوك تەنانەت دایك و خوشکیشیەوە ئەڵێن کوڕەکەمان قۆزە و کەشخەیە و کوڕەکەمان شانی واو باڵی وا سەدان کچ بۆی شێت بوون ،
بەڵام لە هەمان ماڵا گەر کچێكیان یان بڵێین خووشکی هەمان کووڕ مۆبایلی پێ بگیرێ یان پەیوەندیەکی لێ ئاشکرابێ لەگەڵ کوڕێکی ترا خۆ حاشا ناڵێن کچەکەمان جوانە و سەدان کوڕ بۆی شێت بوون ، ئەمە جگەلەوەی
ئەو کوڕەش کە قسە لەگەڵ ئەم کچەیا ئەکا لە ماڵی خۆیانا شانازی پێوە ئەکەن ، بەڵام چی لە کچەکە ئەکەن ؟!
بۆیە ئەبینی کەسانی وا هەن پێیان خۆش نیە کچیان هەبێ پێیان خۆشە مناڵەکانیان کوڕ دەرچێ ،
چۆن ئەڵێن لەسەردەمی جاهیلی پێش ئیسلامیش ئەوە باو بووە تەنانەت کچەکانیان زیندە بەچاڵ کردووە ، بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ڕووە بووە ، بەڵام نەك بەم فۆڕمەی ئێستا بەڵکو بە شێواز و جۆرێکی تر بووە .
ئایا من لەگەڵ سنور بەزاندنم لە لایەن ئافرەتانەوە بە جۆرێ هیچ حساب بۆ پیاو نەکەن ؟
بێ گوومان من لەگەڵ ئەوەدا نیم ، بەڵکو لام وایە ئەبێ
نێر و مێ بە تایبەت ژن و پیاو بابڵێین بە گوێی یەکتری کەن و ئامۆژگاری یەکتری بکەن و یارمەتی دەری یەکتری بن .
نێر و مێ دەبنە تەواوکاری یەکتری و ئەبنە شەرەفی یەکتری
وەك چۆن پیاو پێی عەیبە نهێنی ژنەکەی بە دیار خات و لە کۆڕ و مەجلیسا باسی کات ، ئەبێ ژنیش بەلایەوە عەیبەبێت .
ئێستا پرسیارێکی گرنگ با بکەین ئەرێ ئاینی ئیسلام هۆکار نیە بۆ ئەم کلتوری پیاو سالاریە ؟
ئەرێ بەوبۆنەوە هەر لەسەر ئەو پرسیارە نموونەیەکی دیار و ئاشکرا ئەوەتە 4 ژن بۆ پیاوێ حەڵاڵە ئەمە واناکات پیاو سالاری درووستکات و نا عەدالەتانە نیە ؟
ئەڵێین نەخێر چوونکە ئێمەی موسڵمانان باوەڕمان وایە کە ئاینی ئیسلام هات مافی بە مێ ( ژنان و ئافرەتان ) بەخشی بەشێوازێك کە ئافرەتان خۆیان چۆن پێویستیانە یان دێتە خەیاڵ و ئەندێشەیانەوە .
بۆ سەلماندنی ئەم باوەڕەش چەندەها بەڵگەمان لەبەر دەستایە ،
لە ئیسلامدا ئەگەر چاکەیەك بکرێ چ نێر بیکا چ مێ پاداشتیان بەپێی جۆر و بڕی چاکەکە ئەدرێتەوە لەلایەن خوداوە بەبێ جیاوازی ڕەگەز ، ئەمە یەکسانیە .
بۆ شێوازەکانی تریش لەسەر بنەمای عەدالەت خودا پایەکانی دامەزراندووە ،
بابەتی 4 ژنیش بابەتێکە لەسەر بنەمای عەدالەت دامەزراوە ،
ئەوە پێکهاتەی بوونیەت و حاڵەتی فیسۆلۆجی بایۆلۆجی پیاوە وا ئەکا پیاوێك بتوانێت چوار ژن بێنێت ،
بێ پەردە بۆنمونە پیاوێك ئەتوانێ لە چەن کاتێکی کەم و بە دوای یەکا مناڵ لە 4 ژن بخاتەوە لە هەمان کاتا ،
بەڵام ئایە ژنێك ئەتوانێ لە هەمان کاتا سکی لە چوار پیاو هەبێ ؟
بێ گوومان نەخێر با خۆمان نەخەڵەتێنین .
ئەمە جگە لەوەی قەید و بەندی عەدالەتیش بۆ پیاوان دانراوە
کە بە چ مەرجێ و چۆن ئەتوانێ 4 ژن بێنێت ، ئەمەش وا ئەکا بۆ هەموو پیاوێ ڕێگە پێدراو نەبێ .
چەندەها تۆێژینەوە و بابەتی زانستی هەیە کە جیاوازی نێوان نێر و مێ باس ئەکا جا کەسانی موسڵمان کردبێتیان یان بێ دین و یان لەسەر هەر دینێکی تربێت .
بابەتەکەش ئەوەندە ئاڵۆز نیە گەر خەڵکی بەزۆر لەخۆی ئاڵۆز نەکات ،
وەك شاعیر ئەڵێ : (نادان بە کوتەك حاڵی ئەبێ دانا بە ئیشارەت ) .
ئەگەر لەم بابەتە ببوێرین و بڕۆینەوە سەر بابەتە کلتوریە کۆمەڵایەتیەکە ،
ئەڵێم خێزانەکان چۆن ڕێگە بە ئافرەتان نادەن کە تێوە بگلێن بە بابەتی ئەوەی ناوی لێ ئەنێن کەپڵ و دڵداریەوە و پێیان ناخۆشە کچەکانیان پەیوەندیان لەگەڵ کوڕا هەبێ ، ئەبێ ئاواش بۆ کوڕەکانیان پێیان ناخۆش بێت ،
یان ئەگەر بۆ کوڕەکانیان بەلایەنەوە ئاسایی بێت ئەبێ بۆ کچەکانیشان پێیان ئاسای بێت ،
چوونکە لە دوا جارا هەر ئەو کوڕەی دڵداری ئەکا لەگەڵ کچێکا ئەو کچەش کچی باوکێکە یان خوشکی برایەکە ،
یان کوڕێك بەلایەوە ئاساییە خۆی پەیوەندی لەگەڵ چەن کچێکا هەبێ بەڵام بۆ خوشکەکەی قبوڵی نیە !
یان پیاوێکی خێزاندار بەخۆی ڕەوا ئەبینێ ژێربەژێر و بە نهێنی یان بە ئاشکرا پەیوەندی چۆن ئەڵێی نا شەرعی لەگەڵ ئافرەتانی ترا هەبێ بەڵام بۆ خێزانەکەی یان کچەکەی دەمار ئەیگرێ و چاوی سوور ئەبێ .
هەر ئەمەشە وەڵامی ئەو پرسیارە ئەداتەوە کە بۆچی دیاردەی ژن (مێ ) کوشتن بوونی هەیە ،
یان دیاردەی تەڵاق بوونی هەیە.
ئەمەش ئەزانین کە بێگوومان ئیسلام لەم دیاردەیە بێ بەریە بەو شێوازە و قبوڵ نەکراوە .
هەر ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارە ئەداتەوە کە زۆر جار ژنان چەمکی پیاو سالاری بە کار ئەهێنن و لەم ڕووەشەوە حەق بە ئەوانە .
بەداخەوش ئەڵێم
ئؽستا ئەم جیلە نوێیە سنوریان تێ پەڕاندووە لە هەردوو ڕەگەزەکەیا ،
چوونکە ئەبینین و ئەبیستین کوڕی گەنجی ئاوا هەیە لە یەك کاتا پەیوەندی لەگەڵ 20 کچا هەیە ،
بۆ کچەکانیش ئەم قسەیە هەر ڕاستە .
ئیتر ئەبێ واز لەو دوو ڕوویە (دوالیزمەییە، نیفاق )ە بێنین
نابێ وەك پەندە کوردیەکە ئەڵێ : ( بانێك و دوو هەوابین ) .
لە ڕاستیدا ئەبێ چۆن بەلای کۆمەڵگەوە ناخۆشە کە مێ لە گەڵ نێردا پەیوەندی هەبێ و ئاشکرابێ بۆ نێریش هەر وابێ ..
لە کۆتایشا ئەوە ناشارمەوە و ئەڵێم کە ژنان ( مێ ) خۆیانیش هۆکارێکی کاریگەر و سەرەکین بۆ بوونی ئەم نیفاقە ،
هەر لەسەرەتاوە یان بابڵێین لە کۆنەوە ژنان خۆیان ڕۆڵی سەرەکیان گێڕاوە لەبەگەڕ خستن و بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی ئەم سیسیتەمی پیاو سالاریە ناتەدرووستەی باسمانکرد لەڕێگەی پەروەردە و گۆشکردنی مناڵ و نەوەکانیان بەم سیستمەوە ..
لەبەر کۆمەڵێ هۆکاری تریش کە لە پێش چاوان ڕوون و ئاشکرا و دیارن .
هەمووشمان بەم کلتوورەوە وابەستەبووین ...
هەمووشمان ئەزانین کە سیستمەکەمان هەڵەیە ...
کەواتە چارەسەر چاکسازیە لە بیرکردنەوەمانداو گەڕانەوەیە بۆ پەیڕەوکردنی چەمکی عەدالەت ..
ئەمەش بۆ دڵنیایی دووبارە بکەمەوە کە ئەم بابەتە بەو مانایە لەیەك نەدرێتەوە کە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی بە تەواوی نێر و مێ لە یەکتری داببڕێن ، بەڵکو ئەبێ ببنە هۆی ئاوەدانکردنەوەی دونیا و ژیان بەیەکەوە و تەواکاری یەکتریبن ..
( محمد رسول محمد )