25/05/2026
با لەم وێنەیەوە دەستپێبکەین
https://knwe.org/KU/Details/38858
زەنوێر گەرمیانی
لەسەر دیوارێک کە نووسراوە «هەتاکو بمرم کوردم کوردم» وێنەکە دیارە منداڵێکی ئەنفالکراو کێشاویەتی، چونکە لە خوار نووسینەکەوە بە هێڵکاری وێنەی پاسێکیشی کێشاوە کە گوزارشتە لەو پاسانەی بە رێگەیەکی تاقەت پڕوکێن و پڕ لە مەترسی و مەرگدا گەیاندوونیەتە ئەوێ و هەر لەوێش رۆژانە بە دەم ئازاری ئەشکەنجە و برسێتی و تینوێتی و نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە
ساڵانی 2010 و 2015 سەردانی دایکی مۆزەخانەکانی هۆڵۆکۆست «ئاوشڤێتز-پۆڵۆنیا»م کرد، لە ماوەی هەردوو سەردانەکەمدا تێکڕا سەرووی 10 سەعات سەروبنی مۆزەخانەکەم بەسەرکردەوە، بە تایبەت لە دواسەرداندا کە زۆر تایبەت بوو هۆڵ بە هۆڵ و ژوور بە ژوور لەگەڵ هاوڕێی ئازیزم «محەمەد حەمەساڵح تۆفیق» گەڕاین و بەسەرمانکردەوە، لەگەڵ رێنیشاندەر و وەرگێڕ و شارەزای تایبەت بە مۆزەخانەکە.
ئەم پێشەکییە کورتەم بۆ ئەوە هێنایەوە بڵێم ئەوان تاڵە دەزوویەکی بەجێماو لە تاوانی «هۆڵۆکۆست»یان لە هەرشوێن و جێگەیەکی دنیا دەستکەوتبێ و شک پێبردبێ، بە دوایداچوون و لە شوێن و جێگەی تایبەت بە مۆزەخانەکانیان پاراستوویانە، کاتێک دەڵێم تاڵە دەزوویەک بیهێننە پێشچاوی خۆتان سەدان و بگرە هەزاران تۆن بەڵگەنامەیان کۆکردووەتەوە و بە بەرزترین کوالێتی پاراستویانن و کردوویانن بە بەڵگەی سەلماندنی تاوانەکە لە دژیان و پەروەردەکردنی نەوە دوای نەوەیان لەسەری.
ئێمەی «کورد» لەم پرسەدا چەند بێباکین و بۆچی ناتوانین چارەکی ئەوان «جوو» و میللەتانی جینۆسایدکراو بکەین؟
لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 «قەڵای قۆرەتوو، قەڵای نزارکێ، ئۆردوگا زۆرەملێکان، زۆربەی هەرەزۆری گوندە بەرکەوتووەکانی تاوانی ئەنفال و جینۆساید، کیمیابارانی هەڵەبجە و سێوسێنان، گۆپتەپە و عەسکەر، شاناخسێ» و دەیان شوێن و جێگەی دیکەمان کەوتە بەردەست و توانیمان چییان لە ئاسەوار و کاریگەریی و دۆکیۆمێنت و کەلوپەلە بەجێماوەکانی دوای تاوانەکان لێ بچنینەوە؟ دوای رووخانی رژێمی بەعس 2003 «دەیان تۆن بەڵگەنامە، سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ، چەندین گرتووخانەی گەورە لە عیراق کەوتنە بەردەست و دەرگایان کەوتە سەرپشت، دەیان تۆمەتبار دەستگیرکران و هەزارانی دیکەش لە پەنا و پەسێو خۆیان حەشاردا، سەدان و هەزارانیش بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە دەسوڕێنەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە چیمانکرد و گەیشتینە کوێ؟ ئایا ئەوە بەسە کۆمەڵێک دۆسێ بە نیوە ناچڵی پێکەوەنران و بە پەلەپروزێ بڕیاریان لەبارەوە درا، یان دیسان لەمەشیاندا هێشتا کورتمان هێنا و لە ئاست قەبارە و گەورەیی تاوانەکان و رەهەندەکانیاندا نەبووین؟ لێرەوە تەنیا لەسەر یەک نموونە رادەوەستین، ئەویش گرتووخانەکانی «نوگرە سەلمان، دبز، تۆپزاوە» کە کەرەستە و دۆکیۆمێنتی وایان تێدابوو، دەتوانرا عەرشی مرۆڤایەتی بهەژێنێ و بۆ هەمیشە ببوایەتە ناسنامەی لەناوبردنمان و پاشان بەرگری لە شوناسی نەتەوەییمان کە ئێمە تا ئەم چرکەساتە لە ترۆپکی خوێن ساردیدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین و دوژمن و داگیرکەرەکانی کوردستانیش لە رەوایەتی بە جینۆسایدکردنمان دەگەڕێن!
ئەم وێنەیە لە نوگرە سەلمانەوە لەسەر دیوارێک کە نووسراوە «هەتاکو بمرم کوردم کوردم» وێنەکە دیارە منداڵێکی ئەنفالکراو کێشاویەتی، چونکە لە خوار نووسینەکەوە بە هێڵکاری وێنەی پاسێکیشی کێشاوە کە گوزارشتە لەو پاسانەی بە رێگەیەکی تاقەت پڕوکێن و پڕ لە مەترسی و مەرگدا گەیاندوونیەتە ئەوێ و هەر لەوێش رۆژانە بە دەم ئازاری ئەشکەنجە و برسێتی و تینوێتی و نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاواتی خورشید فەریق کە دانیشتووی یەکێک لە ئاواییەکانی داویەی قووڵایی گەرمیانە لە بەیتێکی پڕاوپڕ لە هاوار و ناسۆردا دەڵێت: «24 سەعات وەبانی قیرا.. هەتاکو بمرم ئەمەم لەبیرا» ئاخر ئاوات جگە لەوەی شاهیدی مەرگی سەدان کەسە لە نوگرە سەلمان، دووان لە خوشکەکانی هەر لەوێ و بە پێشچاوییەوە گیانیان سپارد! بۆخۆشم سەدان ئەنفالکراوی گەڕاوەم لە نوگرە سەلمان دوواندووە لە ماوەی کارکردنم لە دۆسێی تاوانەکە و نموونەی جەرگبڕم بینیوە کە زیندانییەکان لەسەر باسکیان نووسیویانە «ئاخ برا، ئاخ دایە، کوێربم باوە، منت بمرێ خوشکم» و دەیان نموونەی دیکە کە گوزارشتیان لە تاوانەکە و ئازارەکانیان پێکردووە.
دەگەڕێمەوە و دەمەوێ بڵێم «کوا مۆزەخانەی تایبەت بە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کوا مۆزەخانەی تایبەت بەجینۆساید و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، کوا مۆزەخانەی تایبەت بە سێوسێنان و بالیسان و گۆپتەپە و عەسکەر و شاناخسێ و بادینان و قەڵادزێ و سەیدسادق و ئۆردگای زیوێ و ئۆردوگای هەوارەخۆڵە و ئاوایی تازەشار و جینۆسایدی بارزانییەکان» و نوێترینیش «جینۆسایدی ئێزدییەکان».
تێدەگەم و بەرزیشی دەنرخێنم کاتێک کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، لە گەرمیانەوە ماوەیەکە و هەموو ساڵێک ملی رێ دەگرن و دەچن بۆ نوگرە سەلمان، بەڵام کوا ئاستی بەرپرسیارێتی حکومەت و حزب و کۆمەڵگە و بژاردەی رووناکبیران لە ئاست تاوانەکان و دروستکردنی کۆدەنگی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تاڵ تاڵی پرچی قوربانییەکان، هێلەک و قات و مراخانی و جامانە و کەواو و سەڵتە و بۆیمە و مورگ و ملوانکە و کل و کلدان و ناسنامە و رووفاتەکانیان!
رەشبین نیم، بەڵام ئەگەر بە میکانیزمی لانیکەم «2003 بۆ 2026» کار لە دۆسێی تاوانەکاندا بکەین، دەبێ نەک تێهەڵچینەوە، بەڵکو پێش هەموو شتێک ویژدانی خۆمان دادگایی بکەین و بەرپرسیارێتی خۆمان ساغ بکەینەوە بۆئەوەی پەڕۆیەک لە خاوەنی فەلسەفەی جینۆساید و ئەنفالکردنمان بدڕێنین.
ئەگەر وانەکەین، ئەوا دەیسەلمێنین کە ئێمە میللەتێکی بێباکین و نە رابردوو نە ئێستا و نە داهاتووش لە تاوانی جینۆسایدکردنمان تێناگەین، لەبەرئەوەیە کە بەردەوام لە بەردەم جینۆسایدکردنداین.
رۆژی 12/1/1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپو بڵاوكراوەیەوەو بووە یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دو