22/05/2026
به‌ریه‌ككه‌وتنی دۆزه‌خیانه‌ی مه‌رگ و ژیان
له‌ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایه‌ت!!
داناعه‌سكه‌ر
هه‌رده‌سته‌واژه‌یه‌ك په‌یوه‌ست بێت به بوون و میتافیزیكه‌وه، پێویسته له‌ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه گوزارشتی لێبكه‌ین و شرۆڤه‌ی بكه‌ین. له‌م بابه‌ته‌ی ئێمه‌دا كه قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، چه‌مكی مه‌رگ و ژیان، بابه‌تێكی هه‌ستیاره‌و چیرۆكێكه ده‌یه‌وێ له‌ناو مه‌رگه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژیان، نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌ك بوونێكی كۆنكرێتی له‌ناو ژیانه‌وه بۆ مه‌رگ، ئه‌م پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی چوون و ڕۆیشتن یاخود مان و نه‌مان، ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری فه‌له‌سه‌فه‌ی بوون و میتافیزیك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، به‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی كووشنده ده‌كه‌وین،هه‌ڵه‌یه‌ك نه‌سه‌ر له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ده‌رده‌كه‌ین كه له‌ناو مه‌رگه‌وه هاتووه، نه له‌و حه‌زه ده‌گه‌ین كه بۆ ژیان سووتاوه، به‌پێی تیۆری فه‌لسه‌فیانه‌ی بوون، مه‌رگ ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ڕوحه‌وه، كاتێك مردن وه‌ك هه‌ر ماتریالێكی دی ته‌ماشا ده‌كه‌ین، ئه‌مه به‌ر له‌هه‌رشتێك ده‌ستبردنه بۆ میتافیزیك، جگه له‌وه‌ی ده‌ستبردنه بۆ سروشت و پاشانیش ده‌ستبردنه بۆ كاری ئاسمان ئه‌مه‌یان دواتر ده‌چینه‌وه سه‌ری، ئه‌م جۆره مردنه به‌پێوه‌ره ڕوحیی و میتافیزیكییه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی نه‌مرییه، كه له‌ناو ژیانه‌وه سه‌رده‌ردێنێ نه‌ك له‌ناو مه‌رگه‌وه، واته چه‌مكی نه‌مریی به‌په‌یژه‌كانی ژیاندا به‌ره‌و مه‌رگ سه‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه. چونكه فیگۆری سه‌ره‌كی ئێمه له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌یه‌وێ له‌ناو مردنه‌وه بۆ ژیان بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌م پرۆسه‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و پێوه‌رێك په‌یوه‌ندیی به نه‌مرییه‌وه نیه، ئه‌گه‌ر نه‌مریی وه‌ك چه‌مكێكی گرنگ له‌م چیرۆكه‌دا ئاماژه‌ی پێدرابێت ،كاره‌كته‌ری عینایه‌ت به‌ئاشكرا ده‌ڵێ " من ته‌نها ده‌مه‌وێ بژیم"!. دكتۆر عیماده‌دین ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌زاق له‌باره‌ی مه‌رگ لای سوقرات ده‌ڵێ " مه‌رگ لای سوقرات پێگه‌یه‌كی گرنگی فه‌لسه‌فه‌ی سوقراته، یه‌كێكه له‌بابه‌ته گرنگه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و، واته مه‌رگ لای سوقرات جیابوونه‌وه‌ی ڕوحه له جه‌سته، واته جه‌سته به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه. بۆیه مه‌رگ ته‌نها چه‌مكێكی هونه‌ریی " كلیف هانگه‌ر" نییه شێوازی گێڕانه‌وه و چێژی حیكایه‌ت به خوێنه‌ر ببه‌خشێت،به‌ڵكو مه‌رگ په‌یوه‌ندیی قوڵی به ژیان و فه‌لسه‌فه و سایكۆلۆجیا و مێژوو + هزره‌وه هه‌یه، ناكرێت چه‌مكی مه‌رگ له‌ناو چیرۆك و ڕۆماندا ته‌نها به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ساده‌ی دۆزه‌خیانه‌ی پێببه‌خشرێت،یاخود له‌ناو حه‌زێكی ساده‌ی بێ پرۆژه‌دا كورت بكرێته‌وه.
غه‌زالی له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه ده‌ڵێ " مه‌رگ كۆتایی بوون نییه، به‌ڵكو جێگۆڕكێیه له دۆخی بوونی جه‌سته بۆ ئه‌وی دی" ڕوح" به‌ومانایه‌ی مه‌رگ لای غه‌زالی جێگۆڕكێی ڕوحه له‌جه‌سته‌وه، یاخود كۆچه له‌ماڵی له‌خۆباییبوونه‌وه بۆ ماڵی نه‌مریی. له فۆرمه فه‌لسه‌فییه‌كه‌یدا مردن ئه‌نتی ژیانه، به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌م دوو چه‌مكه له بوونێكی بایۆلۆجییه‌وه بۆ په‌نهانییه‌كی میتافیزیكیه، واتا مه‌رگ ده‌چێته خانه‌ی میتافیزیكه‌وه، به‌و مانایه‌ی ڕوح له ئه‌ركه بایۆلۆجییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و له‌جه‌سته دێته‌ده‌ر، بۆیه گرفتی مه‌رگ و نه‌مریی ته‌نها لای فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌كان ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ئاینه ئاسمانییه‌كانیش گرفتی گه‌وره‌بوون.
مارتن هایدگه‌ر له‌باره‌ی مه‌رگه‌وه ده‌ڵێت : مه‌رگ ته‌نها پرۆسه‌ی كۆتایی هاتن به ژیان نییه، به‌ڵكو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌یه تواناكانی بوونی مرۆڤ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاك به‌تایبه‌تی له خۆده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا كه‌س ناتوانێت له‌بری ئه‌وی تر بمرێت!. مه‌رگ لای هایدگه‌ر به‌شێكی گرنگه له بوون هه‌ر له كاتی له‌دایكبوونه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ : مه‌رگ حیكایه‌تێك نییه له‌كۆتاییدا مرۆڤ ته‌نها كۆتایی پێبێت، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كه ڕه‌نگه ڕۆژانه تێیدا بژین. مه‌رگ ئه‌زموونێكی ته‌واو "خود"ییه، هه‌رگیز كه‌سێكی دی ناتوانێت له‌بری ئه‌وی دی به‌شداربێت.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئازادی مه‌رگه‌وه هایدگه‌ر ده‌ڵێت: مه‌رگ مرۆڤ ئازاد ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به هوشیارییه‌وه بژی، نه‌ك ژیان له‌ناو " وه‌همی" ئه‌وانی تر! دواجار ده‌ڵێ: مه‌رگ به‌های بوونی مرۆڤ ده‌به‌خشێت، بۆیه تێگه‌یشتن له‌مه‌رگ واته تێگه‌یشتن له ژیان.
مردنی مامۆستا عینایه‌ت، تائه‌م كاته‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسم دوا ڕۆمانی "به‌ختیارعه‌لی» ە، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند ساڵی 2026 چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
له به‌یانی ڕۆژێك وه‌ك هه‌میشه هه‌ڵده‌ستی ده‌موچاوی ده‌شوات و به نه‌هاوه‌ندخانی ژنی ده‌ڵێ" نه‌هاوه‌ند ئیتر من ئه‌و كه‌سه زیندووه‌ی پێش خه‌وتن نیم،شه‌و له‌كاتی نووستندا مردم، ئێستا گیانم له‌ده‌ستداوه و له‌ڕیزی مردووانم" به‌م ڕسته‌یه چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه ده‌ستپێده‌كات، لێره‌وه مردن ده‌بێته ئه‌و چه‌مكه‌ی هه‌ر پێنج ڕۆژه‌كه‌ی كاره‌كته‌ری عینایه‌ت به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات، ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه مشتومڕمانه له‌سه‌ری ته‌واوی چیرۆكی هه‌ر پێنج ڕۆژه‌كه‌ی عینایه‌ته له‌یه‌ك بازنه‌ی داخراودا ده‌سوڕێته‌وه‌و، تاكۆتایی ڕۆمانه‌كه نووسه‌ر ناتوانێ فیگۆری عینایه‌ت له‌م ئاڵۆزییه ڕزگاربكات، ئه‌وه‌ی گرفتی گه‌وره‌ی بۆ عینایه‌ت دروست كردووه، چه‌مكی مردنه، مردن بۆ گێڕه‌ره‌وه بوو به‌و گرێ ئاڵۆزه‌ی نه‌یتوانێ هیچ كام له فیگۆره‌كانی تری ڕۆمانه‌كه‌ی بخاته‌سه‌ر سكه‌ی چیرۆكی دی، بۆیه كۆی ئه‌و ده‌نگانه‌ی تری نێو ڕۆمانه‌كه كه‌وتوونه‌ته ژێر هه‌ژموونی سیناریۆی مردنی عینایه‌ته‌وه، ئه‌مه كه‌شی ڕۆمانه‌كه‌ی له‌مردنی عینایه‌ت گیركردووه، بۆیه نه به‌ر چیرۆكه تر و شوێنی تر و زه‌مه‌نی تر ناكه‌وێن.
كۆی چیرۆكی ناو ئه‌م ڕۆمانه بوونی مامۆستا عینایه‌ته له‌ناو مردنه‌وه ده‌یه‌وێ كه‌سێكی دی له‌بری ئه‌و بمرێت و له‌ماوه‌ی پێنج ڕۆژ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژیان یاخود بمرێت! ئه‌مه حیكمه‌تی ئه‌م ڕۆمانیه، كه له‌به‌رده‌ستماندایه. به‌ریه‌ككه‌وتنی دۆزه‌خیانه‌ی مه‌رگ و ژیان، ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ی ئێمه‌یه بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه، پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی هه‌ردوو چه‌مگی مه‌رگ و ژیانم خستووه‌ته نێو دۆزه‌خه‌وه؟! هه‌ر خودی هه‌ڵاتنی عینایه‌ت له‌مردن ئاماژه‌یه بۆ له‌ناوچوون یاخود دۆزه‌خی ده‌ستبه‌رداربوون له ژیان كه مردنه، به‌ڵام به‌دۆزه‌خكردنی ژیان، پرۆسه‌ی به‌دۆزه‌خكردنی ژیانه لای نووسه‌ر كاتێك ژیان لای خه‌ڵك ده‌بێت به دۆزه‌خ و نووسینگه‌ی مردن له‌شاره‌كان ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه بێ هیوا و بێئومێدكردنێكی زۆر مه‌ترسیداری كۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕۆمانه نه‌كه‌شێكی كوردی هه‌یه، نه‌مێژوویه‌كی كوردی و نه‌سه‌رزه‌مینێكی كوردی هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێ نووسه‌ره‌كه‌ی كورده‌و به كوردی نووسراوه، ئه‌گینا به‌ر ڕوحی كوردی ناكه‌وێت، یاخود ناتوانین وه‌ك وێنه‌یه‌كی كوردیانه ته‌ماشای ئه‌م ڕۆمانه بكه‌ین، ئێمه بۆ ئه‌وه ڕۆمان ده‌نووسین و ده‌خوێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شی بیركردنه‌وه‌مان به‌رفراوانتربێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕۆمانی كوردیدا چه‌مكی بیركردنه‌وه بكه‌ین به وێنه‌یه‌كی گشتی، ده‌بێ به‌دوای ڕه‌چه‌ڵه‌كی بیركردنه‌وه‌دا بگه‌ڕێین، فه‌لسه‌فه بكه‌ین به پێوه‌ر بۆ پرسیار و گومان له كۆی جووڵه‌و بوونی ده‌ورووبه‌رمان. چه‌مكی مه‌رگ و ژیان دووچه‌مكی به‌یه‌كه‌وه‌گرێدراون و، هه‌ریه‌كه‌یان له‌هه‌ناویدا ڕیشه‌ی ئه‌ویتری هه‌ڵگرتووه، ئه‌وه‌ی له‌م ناساندنه‌دا مه‌به‌ستمانه، له‌فه‌زای بیركردنه‌وه‌دا كاره‌كته‌ری عینایه‌ت وه‌ختێك له‌ناو فه‌زای مه‌رگه‌وه هاتووه، مه‌به‌ست لێی كاركردنه به گوتاری مانه‌وه، به‌ڵام مانه‌وه له‌به‌رانبه‌ر چی؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌په‌رگرافێكدا ده‌ڵێ " ته‌نها ده‌مه‌وێ بژیم" ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ده‌یه‌وێ بچێته‌وه سه‌رتێماكانی گلگامش، ئه‌وه نه‌مریی له‌ناو خودی مه‌رگدا سه‌رچاوه‌ده‌گرێت نه‌ك له‌ناو ژیانێكی بێ پرۆژه، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی به‌ختیار عه‌لی له‌گه‌ڵ چه‌مكی نه‌مریدا یه‌ك ناگرێته‌وه، هه‌ر بۆیه فیگۆری عینایه‌ت هێنده ئاڵۆزه نووسه‌ر نازانێ به‌ره‌و كوێی ببات، چونكه هه‌ر پێنج ڕۆژه‌كه له‌یه‌ك بازنه‌دا ده‌یسوڕێنێته‌وه و ، هیچ گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له هه‌یكه‌لییه‌تی چیرۆكه‌كاندا نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها گۆڕانكاریی له كه‌سایه‌تییه‌كاندا هه‌یه، كه مامۆستا عینایه‌ت له‌باره‌ی مردنی خۆیه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات و، ده‌یه‌وێ له‌بری ئه‌و بمرن، ئه‌گینا هه‌موو كۆتاییه‌كی ئه‌و دیدارانه‌ی ده‌یانكات هه‌موو یه‌ك جۆر داوا و كۆتاییان هه‌یه،بۆیه له‌هه‌ندێك وێستگه‌دا گێڕه‌ره‌وه كه لێره‌دا زۆر خودی نووسه‌ره، پاساوی زۆر نالۆژیكی بۆ قسه‌كانی خۆی ده‌هێنێته‌وه،
لێره‌دا ئاڵۆزییه‌كی به‌رچاو له په‌یوه‌ندی گێڕه‌ره‌وه و كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه به‌دی ده‌كرێت، بۆیه گێڕه‌ره‌وه ده‌ڵێت " ئه‌گه‌ر له‌دۆخێكی ئاسایی‌دا بایه بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بوو له‌باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیران نزیك بێته‌وه" له‌وێستگه‌ی دووهه‌مدا كاتێك مامۆستا عینایه‌ت ده‌یه‌وێ بۆلای عه‌مید خدری خاڵۆزای بڕوات، ده‌ڵێ " مۆبایله‌كه‌ی ده‌رهێناو خۆشحاڵبوو به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه مردووه، ده‌توانێت به‌جۆرێكی ئاسایی ته‌له‌فونه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت" ! ئه‌م پاساوهێنانه‌وه‌یه به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه واده‌بوو، یاخود وانابوو، جگه له‌بێبه‌هاكردنی خودی چیرۆكی مردنه‌كه‌ی مامۆستا عینایه‌ت و سڵكردنه‌وه له فه‌نتازیا،هیچی ترنییه، ئه‌وه‌یه ئه‌و جیاوازییه‌ی نێوان خه‌یاڵ و بوون، ڕاسته هه‌موو چیرۆك و ڕۆمانێك له‌هه‌ناوی واقیعه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ینه نووسه‌ر واقیعمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، چونكه لای خوێنه‌ر ڕوونه فیگۆری عینایه‌ت مردووه و پێنج ڕۆژی له‌به‌ر ده‌ستدایه كه‌سێك له‌بری خۆی بۆ مردن بدۆزێته‌وه ، ئیتر پێویست به‌وه ناكات له‌هه‌ر جوڵه‌یه‌كی عینایه‌تدا ئاماژه به واقیع یاخود خه‌یاڵیبوونی چیرۆكه‌كه‌ی بدرێت، به‌پێی تیۆری بوونیادگه‌ریی ئه‌م پاساوهێنانه‌وه‌یه بۆ جوڵه‌كانی مامۆستا عینایه‌ت، گوزارشت له‌وه ده‌كات، هێشتا سێبه‌ری " باو" به‌سه‌ر فه‌نتازیادا زاڵه، واته هێشتا لای ڕۆماننووسی كورد چه‌مكی " نامه‌ئلووف" نه‌بووه‌ته خاڵی وه‌رچه‌رخان له ڕۆمان و چیرۆكی كوردیدا، بۆیه له‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌دا وه‌ك شه‌رمێك یاخود باوه‌ڕنه‌هێنان به‌ناباو، سكێچه‌كانی واقیعمان به‌رگوێ ده‌دات.
بۆچی به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رمنانه‌و له دووشوێنی جیاواز چه‌مكی مردن ده‌گۆڕدرێت بۆ چه‌مكی كوشتن؟! له‌وێنه‌ی یه‌كه‌مدا كاتێك مامۆستا عینایه‌ت له‌مه‌لا ماهیر بێ ئومێدده‌بێت له‌بری ئه‌و بمرێت، ئیدی مه‌لا ماهیر عینایه‌ت ده‌بات بۆ ماڵی ئه‌و كچه‌ی ده‌یه‌وێ خوی بكوژێت،به‌ڵام عینایه‌ت وه‌ك كه‌سێكی میهره‌بان ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه كچێكی گه‌نج و خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار له‌بری ئه‌و بمرێت، بۆیه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر دواده‌رفه‌تم بوایه هه‌مان هه‌ڵوێستم ده‌بوو، بۆیه ناكرێ یه‌كه‌م ده‌رفه‌ت ئه‌م كچه بخه‌مه پێش خۆم و بڵێم ئا ئه‌م مه‌خلوقه له‌بری من ( بكوژن) كارێكی دروست نییه، لێره‌دا تێبینی ئه‌وه‌بكه‌ن، پرۆسه‌كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك چه‌مكی مردن هاتووه، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كچه قوربانییه پرۆسه‌كه ده‌بێته كوشتن! كه دوو كرده‌ی جیاوازن و، ناكرێت بخرێته هه‌مان كه‌شی مه‌رگه‌وه، كه په‌یوه‌سته به ده‌رچوونی ڕوح له‌جه‌سته، بێ ئه‌وه‌ی ببێته پرۆسه‌ی كرده‌یی، كه دواجار له كۆتایی ڕۆمانه‌كه به‌ته‌واوه‌تی پرۆسه‌ی مردن ده‌بێته پرۆسه‌ی كوشتن، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی سه‌رزه‌مین مافی ڕوحكێشان له‌ئاسمان ده‌ستێنێته‌وه و، له‌دوا ڕۆژی گه‌ڕانه‌كه‌یدا مامۆستا عینایه‌ت به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات گوله‌باران ده‌كرێت.
سكێچی ئه‌م ڕۆمانه له‌سه‌ر چه‌مكی ژیان بوونیادنراوه، به‌ڵام به‌هه‌موو پێوه‌رێك هێنده‌ی مه‌رگ ئاماده‌یه، نیوهێنده ژیان نابێته چیرۆكی مامۆستا عینایه‌ت، به‌پێی تیۆری ده‌روونناسی به‌درێژایی پێنج ڕۆژی گه‌ڕان بۆ كه‌سی شیاو تا له‌بری ئه‌و بمرێت، مامۆستا عینایه‌ت له‌ژێر كاریگه‌ریی دۆخێكی ئاڵۆزی مه‌رگدایه و ناتوانێ لێی بێته‌ده‌ر، ئه‌مه دۆخێكی ده‌روونییه و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نابێت، گرفتی سه‌ره‌كی فیگۆری عینایه‌ت ئه‌وه‌یه گێڕه‌ره‌وه هه‌ر پێنج ڕۆژه‌كه‌ی كاره‌كته‌ری عینایه‌تی له‌یه‌ك وێنه‌ی دیالۆگ و چیرۆك قه‌تیس كردووه، بۆیه نه‌چیرۆكی دی و نه ده‌رچی دی و نه ئاخاوتنی دی نابینین، ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی له‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار عه‌لیدا هه‌یه له‌هیچ كام له‌ڕۆمانه‌كانی تری‌دا به‌دیم نه‌كردووه، ئه‌م ئاڵۆزییه‌به‌شێوه‌یه‌ك چووته قوڵایی حیكایه‌ته‌كانه‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌كنیكی هونه‌ریی گێڕانه‌وه و، دیالۆگه‌كانیش به‌شێكن له‌و بێئومێدییه‌ی باڵی به‌سه‌ر كۆی ڕۆمانه‌كه‌دا كێشاوه، هه‌موو بێزارن، به‌ڵام نازانن بۆ! هه‌موو ده‌یانه‌وێ بمرن به‌ڵام نازانن بۆ! ڕه‌نگه زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ناو بێئومێدیدا بژین، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه‌نییه سه‌رله‌نوێ به بازاڕی بێئومێدیدا بمانگێڕیت!
ده‌كرێت له‌یه‌ك گرته‌یه‌كی دیاریكراوی نێو ئه‌م ڕۆمانه‌دا نه‌مریی بخه‌ینه پاڵ مامۆستا عینایه‌ت له‌كرده‌كه‌دا نه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی عینایه‌ت! له‌پرۆسه‌ی كوشتنی مامۆستا عینایه‌تدا مه‌ودای نێوان پووچی و نه‌مریی به ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاره‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، كوشتنی كه‌سێك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستی بژێت، له‌كرده‌ی مه‌رگی ئاساییه‌وه بۆ پرۆسه‌ی نه‌مریی ته‌نها كوشتنه‌كه‌ی ده‌كرێ وه‌ك نه‌مریی ته‌ماشابكرێت، چونكه له‌درێژه‌ی چیرۆك و حیكایه‌ته‌كانی ڕۆژانه‌ی كاره‌كته‌ری عینایه‌ت به‌هیچ پێوه‌رێك ناچینه‌وه سه‌ر سكه‌ی نه‌مریی! له‌وێنه گشتییه‌كه‌یدا ژیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له فۆرمێكی واقعیدایه، به‌ڵام ورده‌كاریی حیكایه‌ت یاخود چیرۆكی مامۆستا عینایه‌ت وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا جگه له‌سه‌رده‌مێكی بێزاركه‌ر و، وتی وتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك له گله‌یی و گازنده له‌ژیان، هیچ ئیزافه‌یه‌ك ناخاته سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی گێڕانه‌وه و بیركردنه‌وه و تێڕامانی قوڵی فیكریی، به كۆی گشتی چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ی كاك به‌ختیار خوێنه‌ر له‌نێو بازنه‌یه‌كی داخراوی ڕۆژانه‌دا ده‌سووڕێته‌وه،واتا هێڵێكی جیاوازمان له كۆی ئه‌م پێنج ڕۆژه به‌دی نه‌كرد، وێنه‌یه‌كی جیاوازمان نه‌بینی بمانخاته نێو كه‌شێكی كراوه‌ی بیركردنه‌وه، بۆ نموونه مامۆستا عینایه‌ت بۆ كوژرا،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستی بژێت! ئه‌دی بۆ ویستی بژێت؟ ئه‌م پرسیاره ده‌مانباته‌وه سه‌ر دوو وێستگه، یه‌كه‌م " من ده‌مه‌وێ ته‌نها بژیم" دووهه‌م" مامۆستا عینایه‌ت له‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج ڕۆژه هه‌موو جورئه‌تی خۆی كۆكرده‌وه و تاكو به یه‌ڵدا هارونی گوت" خه‌ونی گه‌وره‌ی من ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵت بخه‌وم" ئه‌م دوو وێستگه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، ئه‌م گه‌ڕان و حیكایه‌ته پێنج ڕۆژه‌ی مامۆستا عینایه‌ت هیچ كۆدێك له‌پشت گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو ژیان نه‌بوو!
گرفتی نێوان هه‌ردوو چه‌مكی مانه‌وه و مردن..!
هه‌ر خودی ده‌ستبردن بۆ چه‌مكی مردن كاركردنه له‌ناو زانستی مرۆڤایه‌تی وردبوونه‌وه‌یه له زانستی سروشتی، له‌كتێبی " فه‌لسه‌فه‌ی تێڕامان" هانز گادامیر له‌وباره‌یه‌وه ده‌لێ " گرفتی گه‌وره ئه‌وه‌یه ده‌ستبردن بۆ زانستی مرۆڤایه‌تی و میتافیزیك به‌ناوی میتالۆجیاوه، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سروشتی بوون و مێژوو و زمان و هونه‌ر ده‌بێت" بۆیه نووسه‌ر له‌پێناو چه‌مكی مانه‌وه سروشتی مردن وه چه‌مكێكی نادیار و ئه‌فسووناوی ده‌خاته خزمه‌تی مانه‌وه‌یه‌كی بێ جووڵه، یاخود مانه‌وه‌یه‌كی بێ ده‌نگ، ئه‌م بێده‌نگییه‌ی مانه‌وه و ئه‌م ناسروشتییه‌ی مردن، دووجار ئه‌م ڕۆمانه‌ی وه‌ك ده‌قێكی فه‌نتازیا دوورخسته‌وه، جارێك عینایه‌تێكی نائاشنا به مانه‌وه به‌مانا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی به ئێمه ناسان، جارێكی دی سروشتی مردنی وه‌ك چه‌مكێكی غه‌یبانی له‌ده‌ستدا، دواجار نووسه‌ر ناچاره بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر گوته‌كه‌ی هایدگه‌ر كه ده‌ڵێت " مردن ئه‌زموونێكی ته‌واو خودییه و هه‌رگیز كه‌سی دی ناتوانێت به‌شدار بێت" لێره‌دا هه‌ست ده‌كه‌ین نووسه‌ر هێنده به‌چڕی له‌ناو فه‌نتازیادا قووڵبووه‌ته‌وه، تووشی جۆرێك له ئه‌شكالییه‌تی حه‌زێكی قووڵی په‌تای مه‌رگ بووه تاكو به‌پێی ویستی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات،له‌كتێبی " فه‌لسه‌فه‌ی ئاره‌زوو" زانای كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی " فردریك لۆنوار" ده‌ڵێ " نووسه‌ر له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئارەزوو له‌سه‌ره‌تای شیكارییه‌بوونگارییه‌كایه باوه‌كه‌ی، هه‌وڵده‌دات به‌پێی تێڕوانینی ئه‌فڵاتوونی هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاره‌زوو به ناهوشیارییه‌وه گرێده‌دات، بۆیه نه‌فس یاخود ڕوح به‌ئاراسته‌ی ئه‌و شته مل ده‌نێت كه‌نییه‌تی" بۆ حه‌زه گه‌رمه‌كه‌ی نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا له‌گه‌ڵ مردن، ڕه‌نگه به‌شێوازێكی تری گووته‌كه‌ی لۆنوار لێكیبده‌ینه‌وه، ئه‌ویش له‌بری ناهوشیاریی، ده‌ڵێن ئاڵۆزیی، ئاڵۆزیی گه‌یاندنی مردن بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی، یاخود بردنی به‌ره‌و پرۆسه‌ی كوشتن، ئه‌مه دووجۆر ته‌فسیری بۆ ده‌كرێت، یه‌كه‌م مردن به تێگه‌یشتنه‌كه‌ی هایدگه‌ر كه ئه‌زموونێكی خودییه، دووهه‌م كوشتن هه‌م هه‌ڵاتنه له وێنه‌ڕاسته‌قینه‌كه‌ی مردن، هه‌م ده‌ستبردنه بۆ سروشتی مردن و ده‌ستبردنه بۆ میتافیزیك و ده‌كرێ بڵێین ده‌ستبردنه بۆ ئاسمان.
سه‌رچاوه:
1- فه‌لسه‌فه‌ی مردن له هزری مارتن هایدگه‌ر
وه‌رگێڕانی ئه‌شرف ناجح
2- فه‌لسه‌فه‌ی تێڕامان، هانز گادامیر
وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د شه‌وقی ئه‌لزه‌ین.
3- فه‌لسه‌فه‌ی ئاره‌زوو، فردریك لۆنوار زانای كۆمه‌ڵناسی و فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی.
وه‌رگێڕانی ئسكه‌نده‌ر حه‌به‌ش
4- ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایه‌ت.
نووسینی: به‌ختیارعه‌لی، ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند
چاپی یه‌كه‌م، ساڵی 2026