09/08/2026
توێژینەوەکان و نەخشەرێگەی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایگشتیی دەکرێن
چمک، هەرێمی کوردستان: سکرتارییەتی کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ کتێبی تایبەت بە توێژینەوەکان و نەخشەرێگە و ڕاسپاردەکانی سێهەمین کۆڕبەندەکەی بڵاوکردەوە کە لە ڕۆژانی ٨-٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ بە میوانداریی زانکۆی سۆواس لە لەندەن بەڕێوەچوو.
ئەو کتێبە؛ هەنگاوی کرداریی و ڕێکاری زانستیی بڕواپێکراو بۆ چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی بنەمایی لە کەرتی میدیای هەرێمی کوردستاندا لەخۆدەگرێت. لەبارەی کاراکردنی ئەم هەنگاوە ئەکادیمییەوە؛ پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس، ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندەکە، جەختی لەسەر پێویستیی هەمەلایەنەی سەرپێخستنی نەخشەڕێگە و ڕاسپاردەکانی کردەوە و ڕایگەیاند:
«ئێمە لە کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک لە ساڵی 2021ەوە؛ لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی زانستیی و پیشەیی؛ تەواوی هەوڵ و هەنگاوەکانمان بۆ ڕیفۆرمی میدیایی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ. هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی قەوارە و قەبارەی بەرپرسیارێتیی خۆیان بێنە پێشەوە؛ چوونکە ڕاستکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەم دۆخە ناپیشەیی و نازانستییەی ئەمڕۆی ڕاگەیاندن، ئەرکێکی هاوبەشە و بەداخەوە هەم بەرهەمهێنەر و هەم بەکارهێنەری پەیامی میدیایی بەرپرسیارێتییەکەیان دەکەوێتەئەستۆ. زۆر گرنگە بە گیانێکی بەرزی نیشتمانیی و بەدوور لە هەر جۆرە هەستیارییەک، کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانە بکرێن و سەرجەم لایەنەکان خۆیان بە خاوەنی ئەم دەستپێشخەرییە بزانن.»
ئەم بەڵگەنامە زانستییە وەک هەنگاوێکی نیشتمانیی ڕەوانەی سەرجەم دەستەڵات و نێوەندە کارگێڕیی، یاسایی، ئەکادیمیی و میدیاییەکان دەکرێت تا بخرێتە باری جێبەجێکردنەوە. بۆ داگرتنی فایلی PDFی ڕاسپاردەکان و نەخشەرێگەکە، سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی چمک بکەن، لە ڕێگەی ئەم بەستەرەی خوارەوە:.
https://chmk.org/ku/booklet-and-procedings-the-3rd-chmk-national-forum-for-media-reform-marks-a-global-milestone/