28/08/2025
توێژەرانی زانکۆیەکی ژاپۆنی بە فەرمی رێگەچارەیەک بۆ رێگریکردن لە تووشبوونی منداڵ بە کۆنیشانەی داون پێشنیاز دەکەن و بە تەکنیکی دەستکاریکردنی جینەکانی کۆرپەلە لەنێو سکی دایکیدا، ئەوە دەکەن.
توێژەرانی زانکۆی می لە ژاپۆن رایدەگەیێنن، بە تەکنیکی CRISPR-Cas9 ئەو کڕۆمۆسۆمەی دەبێتە دووان و منداڵی داونی لێبەرهەمدێت، چاک دەکەنەوە و پێکهاتەکەی ئاسایی دەکەنەوە.
داون سیندرەم ئەو حاڵەتەیە کە کڕۆمۆسۆمی 21 کۆپییەکی زیادی لێبەرهەمدێت، بەمەش منداڵەکە چەندین سیفەت لە رووکەش و ناوەوەی جەستەی جیاواز دەبێت.
د. ریۆتارۆ هاشیزومی، توێژەر لە زانکۆکە دەڵێت: تەکنیکی دەستکاریکردنی جینەکان کە ناسراوە بە CRISPR دەتوانێت ئەو کۆپییە زیادەیەی کڕۆمۆسۆمی 21 لاببات کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی داون.
ئەو دەڵێت: تەکنیکەکە بە بەکارهێنانی ئەنزیمێکی تایبەت کاردەکات کە زنجیرە خانەکانی DNA دەکاتە ئامانج و دەیانبڕێت، هەر بۆیە پسپۆڕان ئەنزیمێکی تایبەتیان دروستکردووە بۆ بڕینی ئەو بەشەی DNA کە زیادەیە لەسەر کڕۆمۆسۆمی 21ی کۆرپەلە. بەو بڕینەش ئیدی کڕۆمۆسۆمەکە ئاسایی دەبێتەوە و منداڵێکی ساخ و تەندروست دروستدەبێت.
توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر خانەکانی پێستی منداڵانی داون کردووە، بۆ ئەوەی ئەنزیمی چالاککەر بۆ لێکردنەوەی کڕۆمۆسۆمی زیادەی سەر کڕۆمۆسۆمی 21ـی نێو خانەکان لاببات.
ئێستا ئەوەی توێژەرانی نیگەران کردووە ئەوەیە کە تەکنیکەکە لەکاتی بڕینی ئەو کڕۆمۆسۆمە زیادەیە ورد نییە و پێویستە وردیی زیاتر بە شێوازی بڕینەکە بدرێت بۆ ئەوەی کار لە کڕۆمۆسۆمەکانی دیکە نەکات و تەنیا بەشی دیاریکراو لە کڕۆمۆسۆمی مەبەست بکاتە ئامانج.
سەرچاوە: روداوی تەندروستی