11/04/2025
دوو چالاکوانی مافی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و کوشتن دەبنەوە دوای ئەوەی لەکاتی هەوڵدانی ڕاکردن لەلایەن تاڵیبانەوە گیران.
مەریەم ڕاڤیشی تەمەن ١٩ ساڵ و میڤە ئالسینا پیسکوی تەمەن ٢٣ لە هەوڵداندا بوون لە دەسەڵاتی دڕندانەی تاڵیبانی ئەفغانستان هەڵبێن، کە ناسراون بەوەی بێبەزەییانە ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بکوژن.
مەریەم، کە ژنێکی هاوڕەگەزخوازە، پلانی دانابوو لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەرەو ئێران ڕابکەن، لەگەڵ هاوڕێ ترانسجێندەرەکەیان، پەروێن حوسەینی. کاتێک کە گەیشتنە فڕۆکەخانەی کابول، مەریەم و میڤە لەلایەن تیرۆرستەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکران، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، و لێیان درا.
نیعمەت سادات، بەڕێوەبەری تۆڕی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی ئەفغانی بەناوی ڕۆشەنیە، دەڵێت کە گوایە گرووپی تیرۆرستی تاڵیبان بەتەمان کە ئەشکەنجەیان بدەن و ناوی ئەندامانی تری کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەیان لێ دەربێنن، دواتریش ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ بەند بکرێن و یاخود خراپتر، بکوژرێن! ئێستا مەریەم و میڤە ڕووبەڕووی ئەم باروودۆخە نەخوازراوە بوونەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی ویستیان ئازاد بن.
سوزانی خوشکی میڤە، کە ئێستا لە میشیگەنی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژی، بە وێبگەی دەیلی مەیلی ڕاگەیاند کە خۆی و خێزانەکەی زۆری خەمی میڤەیانە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەوەدا ناوە کە موسڵمان نییە. لەژێر یاسای شەریعەدا، یاسایەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر ١,٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، سزای وازهێنان لە ئیسلام مەرگە.
پەروێن توانی بە سەرکەوتوویی بگاتە ئێران و ڕایگەیاند کە چەکدارانی تیرۆرستی تالیبان مەریەم و میڤەیان دەستگیر کرد دوای ئەوەی بە ناو شمەکەکان و مۆبایلەکانیان گەڕان و ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە کۆمەڵەی پەلکەزێرینەیان دۆزییەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەنی ساڵی ٢٠٢١دا، حاکمێک ڕایگەیاند کە دەکرێ دوو سزای دڕندانە بەسەر ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەدا بسەپێنرێت: یان ئەوەتا بەردباران بکرێت تا مەرگ، یانیش ئەوەتا دیوارێکی سێ مەتریان بەسەردا بڕووخێنرێت!
#یەکسانی #هاوڕەگەزخوازی